فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەمچەماڵ لە شیعرێکی قەدری جان دا

بەکر شوانی

ڕۆژهەڵات ناس و وەرگێڕ، ئەڵمانيا

…………………………….

قەدری جان کە ساڵی ١٩١١ لە قەزای دێرکا چیایێ مازیی سەر بە پارێزگای ماردین لە دایک بووە و ساڵی ١٩٧٢ لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە، بەتەنیا شاعیرێکی هاوچەرخ و داهێنەر نەبووە، بەڵکو وەک مرۆڤێكی هەڵگری بیر و باوەڕی کۆمۆنیستی ئاگاداری ڕووداوەکانی جیهان و بەشەکانی کوردستان بووە. قەدری جان شیعری بۆ مستەفا بارزانی نووسیوە و بە شیعر شینی بۆ لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانی کردووە.

پێ دەچێت قەدری جان بە هۆی تێکەڵاویی لەگەڵ ئەدیبان و نووسەران و سیاسەتمەدارانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا تا ڕادەیەکی باش فێری زاراوەی سۆرانیش بووبێت و بەڵگەی ئەمەیش نووسینی شیعرێکە بە تێکەڵەیەک لە سۆرانی و کرمانجی بە سەردێری “نیشتمان بریندارە” کە ساڵی ١٩٤٧ لە ژمارە ٩ی کۆڤاری “گەلاوێژ”دا بڵاو کراوەتەوە.

قەدری جان لەو شیعرەدا ڕەخنە لە پیرەمێرد و نالی دەگرێت و پێیان دەڵێت کە کاتی دەردەدڵ و عەشقبازی نییە، چونکە نیشتمان بریندارە.

ئەوەی مایەی سەرنجە، قەدری جان وشەی “چەمچەماڵ”یشی خزاندووەتە شیعرەکەیەوە و پێم وابێت تەنیا لەبەر کێش و سەروا بەکاری هێناوە.

دەقی شیعرەکە:

نیشتمان بریندارە، وەختی ئەفسانە نییە،

لەبەر چاڤان سێدارە، وەختی بێگانە نییە،

ئەی جەنابێ پیرەمێرد، ساڵدیدەی گەرم و سەرد،

بۆچی تۆ پڕ ئەکەی دەرد، وەختی مەیخانە نییە،

ئەی کچا ل چەمچەمال، کچا کورد، کچا دەلال،

ل حەد زیادە تو مەنال، وەختی گریانە نییە،

ئەی نالی دیوانی، بۆ ماچێک شەیدانی،

تو خۆت ئەکەی هەرزانی، وەختی قوربانە نییە،

نیشتمان بریندارە، وەختی ئەفسانە نییە

لەبەر چاڤان سێدارە، وەختی بێگانە نییە

1758527062463blob.jpg
Qedri jan