د.مستەفازەنگنە
نووسەر، هەولێر
…………………
کۆمەڵایەتی
لەم بابەتە گرنگەدا، هێندەی دەمەوێ قسە لەسەر هێزو ئەرکی قسەکردن بکەم ،هێندەنامەوێ خوێنەر واتێبگەیەنم کە ئەم کڵیشە پرسیارانە،دەتوانن ژیانی نێوان کچێک وکوڕێک یان ژنێک و پیاوێک بەتەواوەتی بگۆڕن، چونکە زمان نەک تەنها واتای قسەکەر دەگوازێتەوە، بەڵکوو، زمان هەست و سۆزو خۆشی و خەمیش دەگوازێتەوە، زۆرجارقسەیەک،ناخت پاک دەکاتەوە، دڵێک دەشکێنێت، دڵێکی شکاو ئاشت دەکاتەوە، قسەیەک دەبێتە بارانی رەحمەت، دەبێتە بەڵای سەر، ئاگرێک دەکوژێنێتەوە، یان دەبێتە تەڵە شاتەیەک و گڕ لە دارستانی ڕۆحێک بەر ئەدات، قسەیەک بەکوشتت دەدات یان ژیانت لەمردن ڕزگار دەکات، بەرامبەرەکە تی پێدەدۆڕێنی ،یان گرەوەکەی دەبەیتەوە، قسە ئاوێنەی باڵانمای تۆیە، عەقڵ و کەسێتی و تواناو پسپۆری وگێلی ونارەزایی و ئازایت دەخاتە ڕوو هەر هەموو ئەمانەو زۆر شتی کەيش،پیشانی بەرامبەرەکەت دەدات، ئەوە قسەکانت، دەڵێ،تۆ کەسێکی درۆزنی یان ڕاستگۆیت، شڵەژاوی یان جێگیریت، تەڕبەگەی یان درەوشاوەی، ئازایت یان ترسنۆکیت، دڵسۆزی یان خیانەتکاریت.. زیرەکیت یان گێل ودەبەنگیت.زمان پیسی یان بەئەتێکت و زمان پاراویت، هەڵەشەوهەڵتیزی یان ئارام ولەسەرەخۆیت، شەڕەنگێزی یان ئاشتی خوازیت، بەدوای کێشەدادەگەڕێیت یانکێشەکان چارەسەردەکەیت، نیازپاکی یان نیاز پیسیت،مەردانەیت یان؟خوێڕیت، ڕاستگۆیت،یان تەڵەکەبازیت، مەڕیت یان گورکیت،تەپۆی یان ڕشدیت.،ئەمانەوبگرە. قسەکردن سەدهێندەی تر بگرە هەزارهێندەی تر، تۆبڵێ بێ کۆتایی ئەرکی تر دەبینێت، چونکە قسەکردن هێزە، جاچ بونیاد دەنێت یان دەڕووخێنێت، یان ژیان تێک دەدات یان خۆشیدەکات، بۆ ڕوونکردنەوەیەکی کورتی ئەم هەموو ئەرکانەی زمان نموونەی چەند پرسیارێکی ، دەهێنمەوە وەکوو گریمانەیە لەگەڵ کچێکدا دانیشتووەو دەیدوێنێت،تالێی تێبگات، وهەڵیسەگێنێت، تابزانێ لەئایندەدا دەتوانێ لەگەڵیا بژی؟ بۆیە کوڕە دەیەوێ لەڕێگای چەند پرسیارێکەوە،ناخ وعەقڵی ئەوکچە بخوێنێتەوە، ببینن هەڵبژاردنی پرسیار چەند گرنگە نەک وەڵامدانەوەی پرسیار،..
کوڕ..خاتوون، چ شتێک وات لێدەکات،واهەست بکەیت کەتۆ مەلیکەیەکیت؟
ئەم پرسیارە وادەکات ئەو خاتوونە،خەیاڵی باڵبگرێت، خۆی واببینێ کەسێک هەیە وەکوو مەلیکەیەک دەیبینێ، ئەمەيش هەستی بڕوابوون بەخۆی و توانای سەرنجڕاکێشانی لەلا دروست دەکات، هەست دەکات ئەوە تۆی ئاوا بەوشێوەیە دەیبینیت بۆیە ئەو پرسیارەی لێدەکەیت.
کوڕ..بۆ نموونە گەرئێستا لەشوێنێکی دوورلەگەڵ مندابوویتایە، حەزت دەکرد چی بەمن بڵێیت،یان من چۆن هەڵس وکەوتم لەگەڵ تۆدا بکردایە؟
ئەم پرسیارە وێنەیەکی ڕۆمانسی لەخەیاڵی کچەکەدا دروست دەکات، ڕەنگە هیچ وەڵامێکی نەبێت، بەڵام لەچاویدا زۆرشتی سەیر دەخوێنرێتەوە،واهەست دەکات لەگەڵ تۆدایەو، لەژوانێکی ڕۆمانسیدا، چۆن دەیەوێ خۆی بەتۆ بناسێنێ.
کوڕ…ئایا حەزدەکەیت کوڕێک بناسیت، هێندە کاریگەربێت،سەرت لێتێک بدات و هەردەم بەخۆیەوە مژووڵت بکات؟
ئەم پرسیارە، ئەوکچە بۆ ئەودنیایە دەباتەوە، کە پیاوێک لەژیانیدا بێت، بتوانێ زاڵبێت بەسەر هەست ونەستەکانیدا و بەئاماژەیەک لێی تێبگات، ئیدی لێرەوە ئەو کوڕە سەرنجی ڕادەکێشێت و ئەوهەستەی لەلادروست دەبێ، ئەمە ئەوکەسەیە خەونی پێوە دەبینی.
کوڕ…ئەو وشەو ڕستانە چین،وات لێدەکەن بەدرێژایی ڕۆژ بیریان لێ بکەیتەوە؟
ئەم پرسیارە والەو خاتوونە دەکات، لەناوخۆیدا واهەست کات، ئەوەتۆی دەتوانی ئەو وشەو ڕستانە بدرکێنێ، چونکە تۆ خاوەنی بیرۆکەیەکی گرنگی، بۆیە ڕەنگە تەنها تۆ بیت بتوانێ وابکەی من بەو شێوەیەسەرقاڵبکەیت. لێرەدا کاریگەریی تۆ لەسەر هەست و بیرکردنەوەی ئاشکرا دەردەکەون و وەکو کتێبێکی کراوەی لێدێت تابتوانی بەجوانی لەبیرو بۆچوونەکانی بگەیت.
کوڕ..ئەوچرکە ساتە خۆشە چییە، واهەست دەکەی هیچ کات بەقەد ئەوچرکەیە دڵخۆش نەبوویتە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەخوازێت هەموو هێزو خەیاڵ و هەستەکانی کۆبکاتەوە بۆ وێناکردنی ئەم چرکە ساتە،بۆیە بیر لەوەفاو هەستی پاک وبەتەنگەوەهاتن و دڵدانەوە دەکاتەوە، لەکۆتادا واهەست دەکات تۆکەسێکی بەتوانای بۆدروستکردنی ئەوچرکە ساتە، بۆیە حەزدەکات بەڕاستی لێت نزیک بێتەوە ،تا ئەو حەزەی بۆ وەدی بێنیت.
کوڕ..ئایا تۆ حەزدەکەی وەڵامدانەوەی پیاو زیرەکانە بێت، بەو ڕادەیەی سەرسامت بکات؟
ئەم پرسیارە، وادەکات ئەوخانمە تەنهالەتۆدا ئەوتوانایە ببینێت، کە زیرەکانە وەڵامی بدەیتەوەو سەرسامی بکەیت، لێرەدا هەست دەکات کە دیارە خۆی شایستەی ئەوەیەو لەلای تۆ پێگەیەکی دیاری کراوی هەبێت و بەڕێزەوە گوێی لێ بگریت،تاوەڵامی ڕاست و دروستیی بدەیتەوە.
کوڕ…چی شتێ وات لێدەکات یەکسەر دڵت زیاد لێبدات؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، کچە هەڵوەستە دەکات، بەناو فەرهەنگی ژیان وهەست وسۆزەکانیدا دەگەڕێت،
ڕەنگە وەڵامێک نەدۆزێتەوە کەپڕاو پڕی ئەم پرسیارە بێت، چونکە خورپەکان زۆرن، ئایاکامەیان هەڵبژێرێت؟، ئەم پرسیارە وادەکات، شێوازی هەڵبژاردنی وەڵام لەلای کچەکە دروست بکات، بایەخەکانی دەخاتە ڕوو.گەشتێکی سەیر لەژیانی خۆیدا دەکات، لەکۆتادا بیری بۆ ئەوەدەچێت، گرنگە ئەم خۆی بتوانێت ئەوخورپەیەی لەدڵا دروست بکات.
ئەم چۆرەگفت وگۆیانە،مەعدەنی بەرامبەرت بۆدەردەخات
، بەبێ بوونی گفت و گۆ، ئەوا دڵنیابن هەموو حەزێک کاتییەو، کوێرانەیەو ئەنجامەکەيشی دڵشکاندن و لێکترازان و ماڵوێرانییە.بۆیە لێک تێگەیشتن زۆرگرنگە.هەرقسە کردنیشە ئەم ڕاستییانە وێنا دەکات و دەبێتە دەسپێک بۆ ژیانی کرداری، کە لەخودی ئەم هەموو هەمەلایەنە گریمانەییانە ئاڵۆزترە، ئەمەيش وادەکات بڵێم پێکەوە ژیان پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو وردە کێشەو گرێ کوێرەی ڕۆژانەی بێ سنوورن، بۆیە بەبێ گفت وگۆکرن،هەموویان کەڵەکەدەبن و لەکۆتادا دەتەقێتەوە.. لەمانەيش قورستر، وەرە پێم بڵێ ئەوە کێیە بتوانێ وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە بداتەوە، تالێی تێبگەیت؟چونکە ژن سیحرێکە کەس لێی تێناگات.
.

