سەردار نۆڕێ
نووسەر، گەرميان
………………
من ئەم کارەی خاتوو داستان “بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە” دەخەمە ڕیزی ئەو هەوڵە جوان و کارە گرنگ و پێویستانەوە، کە لەم چەند ساڵەدا لە کوردستان، کەسانێکی خەمخۆری منداڵانی ئۆتیزم خەریکن برەوی پێ دەدەن، هەر لە نووسین و وەرگێڕان و ئامادەکردنی کتێب و نامیلکەی تایبەتمەند بۆ منداڵانی ئۆتیزم، هەر لە سیمینار و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڤیدیۆی ڕاهێنان و فێرکاری و چەندانی تریش، تا دەگاتە بەدەستهێنانی بڕوانامەی تایبەتیی زانکۆیی و پلەی باڵایش، بۆ وەرگرتنی پسپۆڕییان، تا خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم بکەن، لە ڕێگەی سەنتەرەکانیانەوە، لە فێرکردنیان و ڕاهێنانیان و گرنگیپێدانیان لە دۆزینەوەی بەهرە و توانا شاراوەکانی ئۆتیزمەکان، تا بتوانن لانی کەم هەندێک لەم منداڵانە بهێننەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و لە گۆشەگیریی دووریان بخەنەوە، یان لە بوارێکدا وەک کەسێکی سەرکەوتوو گەشەیان پێ بدەن، کە ئەمەش بەڕاستی ئارامگری و بەرگەگرتنی زۆر زۆری دەوێت. ئەم قسەیەشم تەنها دایبابانی ئۆتیزمەکان باش و دروست تێی دەگەن، چونکە ئێمە “دایبابانی ئۆتیزمەکان” کە بە دەستی یەک منداڵەوە گیرمان خواردووە و ژیانمان چێژ و خۆشیی تێدا نەماوە، چ جای ئەو مامۆستا و ڕاهێنەرە بەڕێزانە چ بکەن بە دەستی ئەو هەموو منداڵانەوە، کە هەریەکەشیان جۆری ئۆتیزمەکەی جیاوازە، لەبەر ئەوەی زۆر بە دەگمەن دوو-سێ منداڵی ئۆتیزم لە یەکتریی دەچن!
بەداخەوە، خێزانەکانی ئێمەی کورد تا ئێستاش زۆربەمان شەرم دەکەین منداڵە ئۆتیزمەکەمان دەربخەین و نیشانی بدەین، یان دانی پێدا بنێین کە بەڵێ منداڵەکەی ئێمەش ئۆتیزمی هەیە. گشت ئەمانەش دەگەڕێنەوه بۆ کۆمەڵگە و قسەی خەڵک لەسەر منداڵەکانمان، کە زۆر جار لێرە و لەوێ دەبێتە جێی جۆرێک لە گاڵتەپێکردنیان و بۆ مەبەستی پێکەنینی خۆیان بەکاریان دەهێنن، یان هەندێک کەسی تر کە گوایە تێگەیشتوون لە ئۆتیزم، بەڵام بە چاوی بەزەیییەوە دەڕوانن نەک ڕێزگرتن لە تایبەتمەندێتیی منداڵەکان، ئەمەش دۆخێکی ناخۆش دەکەوێتەوە لای دایبابانی منداڵەکان. لە هەموو ئەوانەش ناخۆشتر ئەوەیە؛ بەهۆی ناهۆشیاریی خەڵکەوە منداڵەکان دەبنە هۆی تانەلێدان لە دایبابانی ئۆتیزمەکان، کە گوایە ئەم دایک و باوکانە نەیانتوانیوە باش پەروەردەیان بکەن و کۆنترۆڵی جووڵەیان بکەن و لایەنی کۆمەڵایەتییان فێربکەن و…هتد.
بۆیە بە لای منەوە، خوێندنەوەی ئەم کتێبە و کتێبەکانی تریش لەبارەی منداڵانی ئۆتیزم، گرنگ و پێویستە بۆ گشت کەسێک و خوێنەرێک، بۆ هۆشیاربوونەوە و زانین و شارەزابوونیان لە ئۆتیزم و دۆخی منداڵی ئۆتیزم و گەیشتن لە جیهانی ئۆتیزم. چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بەداخەوە بە کۆمەڵێک هۆکار، کە گەرچی هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشیی ئۆتیزم هێشتا بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام زۆرێک لە شارەزایان دەیگەڕێننەوە بۆ هۆکارە ژینگەیی و بۆماوەییەکان و دەشڵێن هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونێک لە گەشەکردنی ئەقڵدا، واتا بەهۆی هەبوونی کێشە لە کۆئەندامی دەماریدا دەردەکەوێت. بۆیە بەرەو ئەوە دەچین تا دێ ڕێژەی منداڵانی ئۆتیزم زیادتر ببێت. لەبەرئەوەی ڕەنگە تۆی خوێنەری ئەم کتێبە، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت و چاوەڕێ بکەیت (ببوورن کە ئەمە دەڵێم) لە ئێستا و داهاتووشدا، منداڵێکی ئۆتیزم بکەوێتە خێزانەکەتانەوە یان کەسی زۆر نزیکی خێزانەکەت! جا بۆ ئەوەی بزانی چۆن مامەڵە و هەڵسوکەوت بەرامبەریان بکەیت و لە خەم و کۆژانەکانی منداڵەکان و خێزانەکانیشیان تێ بگەی. چونکە دەرکەوتووە لە هەر ١٠٠ منداڵ لە جیهاندا، یەکێکیان ئۆتیزمی هەیە! بە گوێڕەی ئامارەکانیش نزیکەی ٦١،٨میلیۆن کەس لە جیهاندا ئەم نەخۆشییەیان هەیە. هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش ڕێژەکە بەرزترە، “کەمال جەباری” سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێت: لە هەر٩٠ منداڵ لە هەرێم کە لەدایک دەبن، یەکێکیان ئۆتیزمی هەیە. ئەم ژمارانە و ڕێژەکەش تا دێ لە جیهاندا بەرزتر دەبنەوە!
نەخۆشیی ئۆتیزم؛ نەخۆشییەکی گەشەکردنە کە کاریگەری لەسەر توانای پەیوەندیکردن و کارلێککردن لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. ئۆتیزم وەک نەخۆشییەکی دەمار پۆلێن دەکرێت کە کاریگەریی لەسەر گەشەی ئاسایی مێشک دەبێت و دەبێتە هۆی کێشە لە تێگەیشتن و پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە. نیشانەکانی نەخۆشیی ئۆتیزم لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و جیاوازن، کە بریتین لە کێشە لە پەیوەندیی زارەکی و نازارەکی، سەختیی تێگەیشتن و دەربڕینی هەستەکان و دووبارەبوونەوەی ڕەفتار و بەرژەوەندییەکان. هەروەها لەوانەیە ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە، کاردانەوەی ڕەفتاری نائاساییی وەک جووڵەی دووبارەبووەوە یان هەستیاریی زۆر بە دەنگەکان یان بۆنــەکان، نیشان بدەن.
شارەزایان دەڵێن: ئۆتیزم؛ نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەندا بەهۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، فەرمانی ئاسایی مێشک تێک دەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە کەم دەبێتەوە. هەرچەندە ئۆتیزم هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام دەتوانرێت لە ڕێگەی چارەسەری ڕەفتاری و دەروونی و پەروەردەی بەڵگەدارەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە بچێت. جگە لەوەش تاکەکانی تووشبوو بە ئۆتیزم، دەتوانن سوود لە پشتیوانیی خێزان و کۆمەڵگا وەربگرن، بۆ باشترکردنی کوالیتیی ژیانیان و زیادکردنی چانسی سەرکەوتنیان لە کۆمەڵگادا.
هەروەها پێویستە لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە، هەوڵ بدرێت لەبارەی (هۆشیاریی ئۆتیزم) لە پرۆگرامەکانی خوێندن (ئیتر بزانن لە چ قۆناغ و پۆلێک گونجاوە) جێی بکرێتەوە. یان هیچ نەبێت بۆ خوێندکارانی قۆناغی ئامادەیی، ساڵانە چەند سیمینارێک لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە پێشکەش بکرێت. یان داوا لە خوێندکارەکان بکرێت کە ڕاپۆرت لەسەر ئۆتیزم بنووسن. چونکە ڕۆژی جیھانیی ھۆشیاریی ئـۆتیـزم: ڕۆژێکی ناسراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ساڵانە لە (٢ی نیسان)دا کە وەک ڕۆژی جیھانیی ھۆشیاریی ئـۆتیـزم دانراوە، ھانی وڵاتانـی ئەندامی نەتەوە یـەکگرتووەکان دەدرێت، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ بەرزکردنەوەی ھۆشیاری سەبارەت بە کەسانی ئۆتیزم لە سەرانسەری جیھاندا. ئەمەش بە بڕیارنامەی کـۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکـان (A/RES/62/139) دەستنیشان کراوە، لە ١ی تشرینی دووەمـی ٢٠٠٧ لە ئەنجوومەنەوە تێپەڕێنرا و لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧ پەسەند کرا، لەلایەن “مۆزا بنت ناسر ئەلمیسند” نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە قـەتەرەوە پێشنیار کراوە و لەلایەن ھەموو وڵاتانی ئەندامەوە پشتگیری کراوە. ئەم بڕیارنامەیە بەبێ دەنگدان لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تێپەڕی و پەسەند کرا، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک تەواوکەرێک بۆ دەستپێشخەرییەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ باشترکردنی مافەکانی مرۆڤ. ڕۆژی جیھانیی ئۆتیزم؛ یەکێکە لە تەنھا حەوت ڕۆژە فەرمییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تایبەتە بە تەندروستی.
بەداخەوە، کەمتەرخەمیی حکوومەتی هەرێم (لە ئاستی منداڵانی ئۆتیزمدا) لە کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە شارەکانی کوردستان، جێی خەم و نیگەرانییە لای دایبابانی ئۆتیزم کە گرنگییان پێ نادرێت، بەتایبەتی لە قەزاکان، وەک ئەوەی تەنیا لە سەنتەری پارێزگاکان (کە چەند ساڵێکە ئەوانەیشی کردووەتەوە) منداڵی ئۆتیزم هەبێت. ئەمەش باری سەر شانی خێزانەکانی هێندەی تر قورس و گران کرووە. گەرچی لەم ساڵانەی دوایییەدا، ژمارەیەک سەنتەری ئەهلی کراونەتەوە، بەڵام زۆربەی خێزانەکان توانای مادیی ئەوتۆیان نییە کە بۆ ماوەیەکی درێژ منداڵەکانیان بهێڵنەوە تا سوودمەند بن و بەرو پێشەوە بچن…
لە کۆتاییدا، دەستخۆشیی زۆرم بۆ خاتوو “داستان شەریف” هەیە، کە بە وەرگێڕانێکی جوان و کوردییەکی شیرین و پاراو، ئەم بەرهەمە گرنگەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی و خێزانی منداڵانی ئۆتیزم، کردووە. هەر خۆیشی بە ڕێنووسێکی ڕێک و دروست پیتچن “تایپکردن” و خاڵبەندی و هەڵەگریی زۆر باشی بۆی کردووە. وەک خۆیشی لەگەڵمدا ئاماژەی پێی دا، ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ ئەم کتێبەدا دەژی و بە وردی کاری تێیدا کردووە، بۆ ئەوەی تا بتوانێت باشترین پێشکەش بکات. جا چونکە داستان خان ساڵانێک بە دڵ و گیان تێکەڵی کتێبەکە بووە، بۆیە دڵنیام ئەم ئەزموونە گەورەیەی خاتوو کریستینا بارنێتی نووسەری کتێبەکە، لەم ڕێگەیەوە دەگاتە جێی خۆی لە سوودگەیاندن.
ئەوەی شایانی باسە، کتێبەکە (پریشک) لە ٤٩١ لاپەڕە پێک دێت و لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیریی فام-ەوە، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، بڵاو دەکرێتەوە
٢٤/ ٦/ ٢٠٢٥
تێبینی: لە بارەی نیشانەکان و هۆکارەکان و ئامار و ڕێژەی نەخۆشییەکە و ڕۆژی جیهانیی هۆشیاریی ئۆتیزم و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، سوودم لە چەند سەرچاوەیەکی ئینتەرنێت ، وەرگرتووە.

