فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

” ئەوین گوڵێکە و یادەوەری ڕەنگ و بۆیەتی”

ڕێڤان جاف
نووسەر، هۆڵەندا
……………….
ئەو ڕۆژانەی شوعلە و سۆزی ئەوین بە نەزاکەت و پەسەندی خۆیەوە پێم دەڵێت: ئەوین کورەی ئاگرە و ژەنگی سەر دڵ دەشواتەوە. ئەوین هەتوانی دڵە و دەردی دەروون دەسڕێتەوە، ئەو ڕۆژانەی بۆنی سوێسنەی ئەوینی تافی لاویمی لێ دێت، بارانی یادەوەری بەسەر ڕۆحمدا دەبارێت و توند لە خۆیم دەپێچێت، بۆن و بەرامەی ئەو ساڵانە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە ساڵانی دیکەی تەمەنی بە ڕەنگ و تیشکی ئەوین ڕەنگ ڕێژکرد، ئاخر ئەگەر فێنکایی ئەوین و ئەو شادیی یە بچوکانەی کە هیوا و خۆشحاڵی دەخەنە نێو دڵ و بار بە خەم و نائومێدی دەکەن لە ژیان بسێنیتەوە هیچی لێ نامێنێتەوە.
هەرچەندە کۆرپەی ئەوینم هەرزوو لە لانکەی نەشونمادا جوانەمەرگ مایەوە، هەرزوو چریکەی ئەوینم لە کەژاوەی ناز و عیشوەدا سرەوتی نەگرت و دامرکایەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم تەنها ئەو ساتانە ژیاوم کە سێبەری ئەوین، فێنکایی و هەستی فڕینی بە ڕۆح بەخشیبوو، بەڵێ هەر ئەو ساڵانە بە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆم دەزانم ، دوای ئەوە هەتا ئەمرم چەند ساڵی تری تەمەنم بەڕێکردووە و بەڕێیدەکەم لە سێبەری کزۆڵەی درەختی بەرز و باڵای ئەویندا بووە و دەمێنێتەوە.
بۆنی خۆشی یادکردنەوە وەک نەسیمێکی سازگار بەسەر باخچەی یادەوەریمدا بە شێنەی تێدەپەڕێت، لەگەڵ خۆیدا شنەبایەکی فێنک ئارام ئارام دەمشەکێنێت و باوەش بە ڕۆح و هەناسەی ماندوومدا دەکا ت، لەنجەولاری چرکە گرانبەهاکان وەک سەروای هەڵبەستێکی تۆکمە بە ئاوازێکی شیرین و دڵنشینەوە دێتە بەرگوێ، تنۆک تنۆک شەونمی جۆش و خڕۆشی هەڵدانەوەی پەڕەکانی ئەو ڕۆژگارە دەڕژێتە نێو ڕۆحمەوە. بە ترپە بچوک و کورتەکانی دڵمەوە کەبەشی چۆڕێک ژیانی پێوەماوە، بە نەشئەی سۆزێکی ئارامەوە چێژی چاوم لە چۆلەکەی بیرەوەری و پارچەی شکاوی خەونەکان بڕیووە و دەمەوێت بەئاگایی بیخەمە نێو تەڵەی یادگە تاریکەکەی خۆمەوە، دەمەوێت بە هەست و سۆزی شیرین و لەیادنەچووی ئەوین، بە تەونی خەیاڵێکی جادووگەر ، ڕایەخی تان و پۆی ئازار بکەمە چنینی چیرۆکێک لە ئاشتەوایی و کۆڵنەدان بۆ ژیانێکی فراوانتر و نەوەستاوتر.
لەگەڵ ئەوەی تیشکی یادەوەری دڵی ئەویندار دەسووتێنێت دونیای لێ تاڵ دەکات بەڵام هیچ شتێک وەک ئەوین چێژ و ئازار بەیەکەوە ناداتە ئەوینداران، دڵ هەروایە ئەگەر ئازاری ئەوین زاخاوی نەداتەوە ناگاتە پلەی نەمری یادهێنانەوە.ئەگەر پشکۆی ئەوین دڵ نەچزێنێت و بڵێسەی خۆشەویستی داغی نەکات، ئەگەر سکڵی تاسەی دابڕان چاو پڕ ئەسرین و ڕاپێچی ژان و ئازاری نەکات ناگاتە یادێکی هەرمان و هەتاهەتایی.
لەگەڵ ئازاری هەموو ئەو بەسەرکردنەوە و یادکردنەوانەدا نە ئەوینی ڕۆیشتوو دەگەڕێتەوە، نە دەردی فیراق و نە ماتەمی هیجران دەسڕێتەوە.