ئاژوان ڕۆژھەڵاتی
شاعیر، نەرویج
……………..
بێنە قامکی نەرم و نیان
ئەی نەسیمی بەری بەیان
پرچی ئاڵوزی خەماویم
شانە بکە
هەڵوەدای شیعر و موسیقام
خەڵوەتخانم مەکە
مەیلم لای دارستان و
وەنەوشەی دەم کانی و ئاوە
جوانی لای من پرشنگی مانگ و
نیگای ڕووخساری هەتاوە
کە خۆشە ئامێزی دەریا
بە شنەی باوەشێنت کا
چاو داگرن وردەماسی
گڕو وگاڵت بۆ بکا
دڵفڕێنە زەردەخەنەی
پەلکەزێڕینەی پاش باران
وەک هاونشینی ئەو دەمەی
کوڕی یاران
تامەزرۆمە پیاسەی
ژێر هەوری گەواڵ گەواڵ
دەم لە لێواری کانی
کەلەتەزێن وەک سەهۆڵ
پێم خۆشە هاوسەفەر بم
لە گەل مەلی کوچەران
چەند بە کەیفن ئەو دەمەی
ڕوو دەکەن لە گەرمیان
پێم خۆشە ببمە جێرانی
پەپولەی سەر چڵی گوڵ
سەد مخابن تەمەن کورتن
ناگەن بە ئاواتی دڵ
مەست دەبم بە نمەی باران
ژێر شاباڵی هەوری ڕەش
چەند خۆشە ئەو شادیەی هەمە
لە گەل یارم بیکەم بەش
وا خەریکە هەڵدەوەرم
مینا گوڵ دەم ڕەشەبا
چەرخی گەردوون سەرقاڵە پێم
بۆ لێواری مەرگم دەبا
9/9/25

