سەردار نۆڕێ
(جەیک؛ لە تەمەنی دوو ساڵیدا دەردەکەوێ ئۆتیزمی هەیە، لە دوانزە ساڵیدا دەبێتە فەرمانبەری لێکۆڵەری فیزیا، لە زانکۆ!)

پێشەکی :
پار، خاتوو “داستان شەریف” پەیوەندیی پێوە کردم و گوتی: سەرقاڵی وەرگێڕانی کتێبێکی تایبەتم لەسەر منداڵێکی ئۆتیزم (پریشک؛ چیرۆکی دایکێک لەگەڵ منداڵە ئۆتیزمەکەیدا). گوتی: بە باشی دەزانم پێش بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، کەسێک پێشەکییەکی بۆ بنووسێت، کە لانی کەم هەندێک شارەزایی لە جیهانی منداڵانی ئۆتیزم هەبێت. داستان خان بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیی بە منەوە کرد، کە وەک باوکی منداڵێکی ئۆتیزم، کە ساڵانێکە لەگەڵ خەم و کۆژانەکانی ئۆتیزمدا دەژیم، کتێبەکە بخوێنمەوە و بەپێی گرنگیی کتێبەکە، پێشەکییەکی بۆ بنووسم.
سەرەتا ئەوە دەڵێم: بریا ئەم کتێبە ساڵانێک پێش ئێستا بکرایە بە کوردی، تا ئێمەيش هەر ئەو کات بمانخوێندبایەوە، بۆ ئەوەی گەر کەمێکیش بووایە سوودمەند بووینایە لە ئەزموونی هەوڵدان و شێوازی کۆڵنەدانی خاتوو “کریستینا بارنێت-دایکی جەیک لە کتێبەکەدا”، کە لە پێگەیاندنی ڕێگە جیاوازەکانی منداڵەکەیدا، توانا تایبەتەکانی جەیک دەدۆزێتەوە و وردە وردە دەیکات بە زانایەک و توێژەری فیزیا و بیرکاری. چونکە توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە باشترین کاتی هەوڵدان لەگەڵ منداڵی ئۆتیزم، پێش تەمەنی پێنج ساڵییەتی. بۆ ئەوەی فریای بکەوی و کاریگەریی گەورەی لەسەر دابنێیت.
لەم ساڵانەی دوایییەدا، لێرەولەوێ هەندێک هەوڵ دەبینین بۆ خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم. لە وەرگێڕان و نووسین و گرنگیدان بە پەروەردەی تایبەت، هەر لە بەشی کەم و بچووک لە کتێبەکانی دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی و هەوڵ و کار و کتێبەکانی مامۆستا “ڕەحمان عەلی” بۆ خزمەت منداڵانی ئۆتیزم، هەنگاوی گەورەی ناوە و جێی پێزانینە. هەروەها مامۆستا عومەر ڕەسووڵ کە لە دەرەوەی وڵات دەژی، هەوڵ و کارەکانی لە توێژینەوە و نووسین و وەرگێڕانی کتێب، لەسەر منداڵانی ئۆتیزم و توانا و بەهرەکانیان، کاری باشی کردووە. ئەمانە و کۆمەڵێک کەسی تریش کە بە هەر شێوەیەک و ڕێگەیەک بەردەوامن لە خزمەت ئۆتیزمدا، شایستەی ڕێزلێنانی گەورەن.
(ئۆتیزمەکان دزن، منداڵەکەت دەبەن. هیواکانت دەنێژن و خەونەکانیشت دەدزن.)
ئەم کتێبە (پریشک): چیرۆکی “جەیک”مان بۆ دەگێڕێتەوە، لە زمانی دایکێکەوە کە منداڵێکی ئۆتیزمی هەیە، ئەوەی تێبینی دەکەین لە خوێندنەوەیدا، کتێبەکە ئەزموونی دایکێکە و دەگێڕێتەوە و دەگێڕێتەوە. ئەم گێڕانەوەیەيش وەهامان لێ ناکات کە بیخەینە خانەی ڕۆمانەوە، چونکە بنەما هونەری و ئەدەبییەکانی ڕۆمانی تێدا نییە، بۆیە دەکرێ بیخەینە پۆلێنی پەرەپێدان و گەشەپێدانەوە. گەرچی ڕەنگە خوێندنەوەی کتێبەکە خاو دەربکەوێت لای خوێنەر، بەڵام هەوڵەکانی دایکەکە بۆ گۆڕانی منداڵەکەی هەمیشە بەرەو باشتر، خوێندنەوەی کتێبەکە خێرا دەکاتەوە، تا بمانەوێ ئاخۆ لە هەنگاوی دواتردا منداڵەکە چی فێر بووە و گەیشتووە بە چی؟ بۆیەيش کتێبەکە کەمترین گفتوگۆی تێدایە، لە خاڵێکدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە منداڵانی ئۆتیزم قسەکردنیان دوادەکەوێت و دواتریش بەگشتی سنووردارن لە قسەدا. مەگەر لەو کاتانەدا بەر کەمێک لە گفتوگۆ بکەوین لە کتێبەکەدا، کە دایک و باوکەکە جارجار لەبارەی ئەوەی چی بکەن و چی نەکەن، یان کاتێ دایکی جەیک منداڵەکەی دەباتە شوێنێک و لەبارەیەوە قسە بکەن، وەک لەگەڵ لیژنەی پزیشکی یان مامۆستای تایبەتی سەرپەرشتدا، یان مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت و قوتابخانە و دکتۆرەکانی زانکۆ…
“ژیان لەگەڵ منداڵێکی ئۆتیزمدا وەک جەنگ وایە. ئەو ژیانە؛ پێشبڕکێیەکی بەردەوامە لەگەڵ کاتدا، لەپێناو ڕاهێنانی زیاتر و زیاتر و زیاتردا” لە تەمەنی دووساڵییەوە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم لە جەیکدا، لە وردبوونەوەی زۆری جەیک لە سێبەری شتەکانەوە لەسەر دیوار و لەسەر زەوییدا، بوو بە جێی گومان لای دایک و باوکی و نەنکیشی. هەروەها دواتریش نیشانەکانی تری وەک (شت دەخولێنێتەوە و سەرنجیان دەدات، هەروەها خۆیشی بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە و درەنگ ماندوو دەبێ، قسەنەکردن و گوێنەگرتن، دوورکەوتنەوە لە منداڵانی تر و گۆشەگیربوون و مانەوەی بە تەنیایی و خووگرتنی بە دەفتەرەکەیەوە، هەروەها لەکاتی قسەکردن لەگەڵیدا خەیاڵی دەڕوات و سەیری ناوچاوانی کەسی بەرامبەری ناکات و…هتد) دایک و باوکی زۆر دڵتەنگ و نیگەران دەکات. پاش چەند پشکنینێک کە دواجار پێیان دەڵێن: جەیک ئۆتیزمی هەیە لە جۆری (ئەسپێرگەر سیندرۆم)! ئیتر کریستینی دایک بڕیار دەدات بەشی زۆری ژیانی تەرخان بکات بۆ پەروەردەکردن و گرنگیدانی تایبەت و زیاتر بە “جەیک” بۆ دۆزینەوەی زیرەکییەک تێیدا کە لەم جۆرەی منداڵانی ئۆتیزمدا هەیە. گەرچی جەیک دەیزانی و دەیتوانی بە دانانی قەڵەمڕەنگەکان لە تەنیشتی یەکتری، ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە دروست بکات و ئەگەر یەک جاریش گوێی لە میوزیکێک بووایە، دەیتوانی ڕێک وەک خۆی بە پیانۆ ئەو میوزیکە بژەنێتەوە! بەڵام دایبابی زۆر دڵتەنگ دەبوون کاتێک ئەم منداڵە ناتوانێت هەستی منداڵێتیی بە دایک و باوکی ببەخشێت بەوەی تەنها جارێکیش باوەشێکیان لێ بدات، یان یەک جاریش پێیان بڵێت خۆشم دەوێن. گەرچی لەدوای جەیک، “کریستین” دەبێت بە خاوەنی دوو منداڵی تریش، بەڵام بە هۆی ئەوەی پێشتریش ئەم دایکە دایەنگەی هەبووە و منداڵانی تریشی لەخۆ گرتووە، ئەمەيش بووە بە خاڵی سەرکەوتنی لە کۆڵنەداندا، تا پشوودرێژیش بێت لە گەڕانی بەردەوام بۆ فێرکردنە نائاسایییەکانی جەیکـی کوڕی، لەو حەز و خولیا و توانایانەی کە تێیدا دۆزیبوویەوە “لە زانستەکان و بیرکاریدا”. لە دۆخێکی تردا ئەم ژنە بەهۆی شوێنی دایەنگەکەیەوە، دەبێتە پەناگەیەک و ئامێزێک بۆ کۆکردنەوەی منداڵانی تری ئۆتیزم و چەندان ڕێگەی جیاواز دەگرێتە بەر، لەگەڵ منداڵەکان و خێزانەکانیاندا… گشت هەوڵەکانی ئەم دایکە وەها دەکەن جەیک “جاکۆب” لە تەمەنی هەشت ساڵیدا دەست بکاتە خولی ئاستی کۆلێژ لە بیرکاری و ئەسترۆنۆمی “ئەستێرەناسی” و فیزیادا و لە نۆ ساڵیشدا لە زانکۆ قبووڵ بکرێت، تا دەگاتە ئەوەی کە لە دوانزە ساڵیدا ببێتە فەرمانبەری لێکۆڵەری فیزیا، لە زانکۆ. گەرچی جەیک هێشتا بەهۆی هەڵسوکەوتەکانییەوە وەک منداڵێکی ئۆتیزم، ناوبەناو دایک و باوکی لێی بێهیوا دەبوون و خەم دایدەگرتن. چەند جارێکیش دۆخی ژیانیان لە ڕووی مادییەوە کەوتووەتە نالەبارییەوە، بەڵام ئەم دایکە هەر کۆڵ نادات. دواجار، جەیک دەبێتە منداڵێک بۆ شیکارکردنی قورسترین هاوکێشەکان! دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تیڤییەکان، بە سەرسامی و بە گرنگییەوە بایەخی پێ دەدەن و لەو ڕێگەیانەيشەوە دەبێتە منداڵێکی بەناوبانگ. خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئاشنامان دەکات بەو هەموو ڕێگە و هەوڵ و تەقەڵایانەی کە کریستینی دایک، لەپێناو منداڵە ئۆتیزمەکەیدا…
نامەوێت لەوە زیاتر بڵێم لەسەری، تا چێژی خوێندەوەی لای خوێنەران بمێنێت و خۆیان بگەنە قووڵایی سوودی کتێبەکە.
ماویــەتی…….

