عەبدولڕەحمان فەرهادی
نووسەر، هەولێر
…………….
ڕەشۆ بێكار بوو، دەگەڕا و دەسووڕا هیچی دەست نەدەكەوت، ناچار پەنای بردە بەر تەحۆی هاوپۆلی سەردەمی خوێندنی ناوەندیی، تەحۆ بۆ قورتاركردنی ڕەشۆ لەو تەنگژەیەی كە تەنگەی ڕەشۆی گرتبوو، لە فیكران ڕاچوو، دواجار پێشنیازی بۆ ڕەشۆ كرد دوكانێكی كتێبفرۆشی لە گەڕەكی بەختیاری بكاتەوە، تێیگەیاند كە گەڕەكێكی ڕاقیی ناو جەرگەی شارە و پڕە لە خوێندەوار و مسقۆف. گوتی: ڕەشۆی برام، ئەگەر ئەمەم بە قسە بكەیت و كتێبخانەیەك لە سووچی قوتابخانەكەی ئەوێ بكەیتەوە، دڵنیام سبەینان كە ڕۆژنامان دێنی، شتاقە ڕۆژنامە بە عەرد ناكەون و خوێنەری ئەو گەڕەكە جگە لە كتێب، ڕۆژنامەكانیش هەر لە باوەشتەوە دەڕفێنن! خوێندەوار و شەهادەدارانی، بۆ كتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاران، وەک ئەوەیە كل لە چاوان بدزن، نانیان نەبی بەلایانەوە ئەهوەنترە لەوەی كتێب و ڕۆژنامەیان نەبێت. ڕەشۆ چووە كن خەزووری داوای دوو ملیۆن دیناری بە قەرد لێ كرد، خەزووریشی گوتی: ڕەشۆ ئەو بڕە پارەیەت بۆ چییە؟ ڕەشۆ بەرسڤی دایەوە: مامە گیان، دەمەوێ دوكانێكی كتێبفرۆشی لە گەڕەكی بەختیاری بكەمەوە. خەزووری لە ڕەشۆی كەوتە نەسحەتان. پێشنیاز و قسەكانی تەحۆ ئەوەندە كاریگەر بوون، بە بابی خەزووریشی لە مێشكی ڕەشۆ نەدەهاتنە دەرەوە. خەزوورەكەی ناچار پارەكەی دایە ڕەشۆ، ئەویش دوای چەند ڕۆژێك دوكانێكی خنجیلانەی كتێبفرۆشیی لە تەنیشت قوتابخانەكە پێ كردەوە. ڕەشۆ چل ڕۆژێكی لە دوكانەكەی بەسەر برد. لەو ماوەیەدا، ئیش و قازانجی زۆر كز بوو، تەنێ تۆز و خۆڵەپۆك سەردانی دوكانەكەی كرد و شتاقە كتێب لەبەر تۆز و خۆڵباران بەرگەكانیان نەدەناسرایەوە. خەڵكی گەڕەك كە بەكن ڕەشۆی دادەڕۆیشتن، مۆڕەیان لێ دەكرد و وەك دەعبایەكی سەیر دەهاتە بەرچاویان. هەندێكیان ناویان بە تەحە دەبرد، هەندێكیش پێیان دەگوت تەحتەح، هەشبوون پێیان دەگوت تەحتەحۆك. سبەینەیەك مەفرەزەیەكی پۆلیس بەسەر ڕەشۆیان دادا و بانگی بنكەكەی خۆیان كرد، ڕەشۆ ڕۆح لە بەدەنی نەما، هیچی نەكردووە! بۆچی بچێتە بنكە؟. ناچار لە ترسان ڕووی كردە بنكەی پۆلیسی گەڕەكەكە. لەوێ ئەفسەرێك ئیمزای بە ڕەشۆ كرد، پێی ڕاگەیاند كە دەبێ لە ماوەی هەفتەیەك كتێبخانەكەی دابخات. ڕەشۆ زەندەقی چووبوو، بە غەمگینی هاتە دەرەوە، كەمێ لە دەرگاكە دووركەوتەوە و گەڕایەوە، بە ئەفسەرەكەی گوت: گەورەم، تەنیا دەمەوێ بزانم هۆی چییە كتێبخانەكەمم پێ دادەخەن؟ خۆ من كتێبی مەمنووع و بڵاوكراوەی نەگونجاوی بێ مۆڵەتم نەفرۆشتووە. من تەنیا كاسبكارێكم، بۆ بژێویی ژیانی خۆم و منداڵەكانم ئیشەكە دەكەم، كاسبكارێكم پێوەندیم بە هیچ شتێك و شتاقە حیزبیشەوە نییە! بەس پێم بڵێ سەبەب چییە؟ ئەفسەرەكە تێیگەیاند كە دانیشتووی گەڕەك و ماڵەكانی ئەو دەوروبەرە شكاتیان كردووە و دەڵێن دوكانەكەت بووەتە هۆی بڵاوكردنەوەی بەدبەختی لەنێو گەنجانی گەڕەك!. ڕەشۆ چووەوە لای تەحۆ و وەزعەكەی تێگەیاند. پێی گوت: تەحە، عیلاجێكم لێ بكە، ئەمڕۆ دەی مانگە، كابرای خاوەن دوكان، دەڵێ دەبێ تەواوی كرێی ئەم مانگەم پێ بدەیت. تەحۆ گوتی: ڕەشۆ، ئێستا تۆ بیست ڕۆژت ماوە بۆ سەری مانگ، وەرە با بچین هەندێ كەلوپەل دەكڕین، بیخە دوكانەكەتەوە و ئەو بیست ڕۆژە بیفرۆشەوە. بزانین بە كوێ دەگەین!. دوای ڕەزامەندیی پۆلیس، هاتنەوە دوكانەكە، هەرچی کتێب و ڕۆژنامە هەبوون تێیان هەڵدایە دەرەوە. دوکانیان كردە شوێنی جگەرەفرۆشی. تا سەری مانگ ڕەشۆ فرۆشێكی باشی هەبوو. لەو ماوەیە، جۆرەها جگەرەی خۆماڵی و بیانیشی هێنایە دوكانەكەوە، وای لێ هات دوكانەكەی گەورەتر كرد و بە كارتۆن جگەرەی لە كۆگەیەكی تایبەت و لە دەرەوەی دوكانەكەیشی دانابوو.ئێوارەیەك تەحۆ سەرێكی دوكانەكەیدا و گوتی:ڕەشۆ چ باسە؟ ئیشوكارت چۆنە؟ ڕەشۆ وەڵامی دایەوە: تەحۆ گیان، ئیشێكی وایە پێڕاناگەم! فرۆشم زۆر زۆرە. خۆزگە هەر لە سەرەتاوە كردبامە جگەرەفرۆشی، ئەم كتێبومتێب و ڕۆژنامانە چی بوون! وەختا بوو سەریشمان بە فەتارەت ببەن!.. بڕوات هەبێ كڕیارەكانم بە گەنج و پیر و ژن و زەلامەوە، هەروەها ئەو دەرودراوسێیانەی شكاتیشان لێ كردم، زۆربەی ئەوانن، لەو ماوەیە هەموویان هاتوون دەستخۆشی و پیرۆزباییشیان لێ كردووم كە كردوومەتە جگەرەفرۆشی. ئێستا زۆربەیان وەسپم دەكەن و دەمڵێنێ: پیاوێكی پاك و بێ فڕوفێڵ و سەركەوتووی لە كارەكەت. ڕەشۆ بەهۆی ئەم سەركەوتنەی لە كارەكەی، ئیتر لەو ڕۆژەوە خەڵكی گەڕەك بە تەحۆشەوە ناویان لە (ڕەشۆ) نا (سەركەوت). سەركەوتم سەركەوتە، پاش چەند ساڵێك بووە كارساز (بزنسمان)ێكی گەورە، كاك سەركەوت هەر لە سەرەتاوە دروشمێكی لەناو دوكانەكەی هەڵواسیبوو لێی نووسیبوو: ( نا بۆ ڕۆژنامە و كتێب خوێندنەوە، بفەرموون بۆ جگەرە و جگەرەكێشی.). ئێستا ڕەشۆ لە گەڕەكی بەختیاری و تەواوی شار، بە (سەركەوت بەختیاری) ناوی دەركردووە. چەند مانگێك دواتر، ڕەشۆ عەرزوحاڵێكی نووسی و بردیە فەرمانگەی پێوەندیدار بە كاروباری ناوگۆڕین و ڕەزامەندیی وەرگرت و ناوی خۆی لە كارتی نیشتمانییش لە (ڕەشۆ)وە گۆڕی بۆ (سەركەوت).
سەرۆکی لقی هەولێری يەکێتی نووسەرانی کورد

