فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چوارينە

هونەر موکريانی

شاعير، مەهاباد

………………

پێم بڵێ بێجگەلە ڕادەستت بوون

چ بوو لەو شەڕگەیەدا من نەخشم

هەموو ڕۆژێ دە کەڕەت دەمکووژی

هەموو ڕۆژێ دە کەڕەت دەتبەخشم

پێم بڵێ چاوی رەشت لە منی تەریک

لە هەموو وەرزی خودا، چی گەرەکە

ژینی من! مەیلی منی خەستە مەنێ

مەرگی من مەیلی کەسی دیکە مەکە!

وەکوو کیژی وەڕەزی پاییزی

تەونی بارانە دەکەم، نەخشە غەمت

یەک گرێ ئەشک و گرێی‌تر ،،،،، کەی دێ

بزەیێ ژینی بە دەنگی قەدەمت

ئاه پاییز کە چەن زوو زوو دێی

من بە پێی تۆوە هەزاران ساڵم

وە لە نێو خەڵوەتی خووساومدا

گەلێ سووتاوم و هەر وا کاڵم

وەک هەتاوێ کە لە ژێر هەوری تەژی

لە دڵی تەنگترین ئێواران

دێتە دەر ، هەڵدەگرم دەسنوێژی

خوێن و تەنیایی بە ئاسۆی باران

ئەی سەر و گەرنێ لە شادی سەرت

غەمەکانت بە دڵم بسپێرە

کیژی پاییزیترین تەنیایی!

شەوی تەنیاییترین ئەستێرە!

گلەیی قەت لە نیگاهت ناکەم

دەگەڕێ مانگ لە شەودا بە سرووشت

وەلی لەو چاوە رەشانەت شاکیم

مانگی شەوگاری بە رووناکی کووشت

حەسرەتم هەڵدفڕێ هەڵدەفڕێ

وەک مەلی خەونە کە ناناسێ سنوور

وە لە خەودایە دەگێڕم دەستی

حەسرەت و ئاه لە ئەستێرەی دوور