فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

قەڵەمی زێڕین پێشکەش بە نووسەر و ڕۆژنامەنووسى دێرین و خاوەن ئەزموون “ئازاد عەبدولواحید” کرا

 

هەولێر
………..

ڕۆژی سێشەممە 2025.9.9، بە ئامادەبوونى فارڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکڕاتی کوردستان،  ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاریان صلاح الدين، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، لە ڕێورەسمێکدا، وەزارەتی رۆشنبیری و پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی دەزگای کلتوورى یاد، وێڕاى ناساندن و بڵاوکردنەوەى کتێبێک لە ژێرناونیشانى ” ئەستێرەیەک کە لە درەوشانەوە ناکەوێ ” قەڵەمی زێڕین لە بەرامبەر زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتکردنی ئەدەب و زمان و ووشەی کوردی پێشکەش بە نووسەر و ڕۆژنامەنووسى دێرین و خاوەن ئەزموون و سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان ” ئازاد عەبدولواحید ” کرا.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکى تر لە ڕوناکبیران و ڕۆشنبیران و هونەرمەند و نووسەران و شاعیران بەشدار بوون، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی ئەدەب و زمان و ووشەی کوردی” ئازاد عەبدولواحید “ى لە نێوەندى بزاڤى ڕۆشنبیرى کوردى بەرز نرخاند، هەروەها کارکردن و شەونخونى زیاتر لە 25 ساڵى سەرنووسەرى گۆڤارى ڕامان کە گۆڤارێکی هزرى، کلتووری، ئەدەبی و ڕەخنەیی مانگانەی گشتییە، بە شانازیی بۆ بوارى ڕۆژنامەگەرى کوردى لە قەڵەمدا و هیواى سەرکەوتن و لەش ساغى و تەندروستى باش و بەردەوامبوونى لە کارەکانى بۆ خواست.

پاشان دواى ئەوەى فیلمێکى دیکۆمێنتارى لە سەر ژیانى و کارەکانى نووسەر و چەند چالاکییەکى دیکە پێشکەش کران، قەڵەمی زێرین لە بەرامبەر مێژووی زیاتر لە نیوسەدە خزمەتکردنی بوارى نووسین و ئەدەب و ڕۆژنامەگەرى و ڕاگەیاندنى کوردى پێشکەشی کرا.

جێگەى باسە، ئازاد عەبدولواحید، لە ساڵى 1958 لە گەڕەکی تەیراوەى شاری هەولێر لە دایک بووە، لە تەمەنی 16 ساڵییەوە دەستی بە نووسین کردووە، لە ساڵی 1976 یەکەم بەرهەمی خۆی بە ناوی ( ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری ) چاپ کردووە، لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکاندا بەرهەمی جۆراوجۆری لە بواری ( لێکۆڵینەوە، وەرگێڕان، ڕەخنە، ساغکردنەوەی دیوانی شاعیران) بڵاکردووەتەوە، لە ساڵی 1994 لە بڵاوکراوەی گوڵان وەکوو نووسەر دەست بەکار بووە، هەروەها بۆ ماوەیەک لێپرسراوی ڕادیۆی گوڵان بووە، لە 11-6-1996 لەگەڵ دەرکردنی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕامان کە گۆڤارێکى ڕۆشنبیرى گشتییە، وەکوو بەڕێوەبەر و سەرنووسەرى ئەو گۆڤارە دەست بەکار بووە و تا ئێستا بەردەوامە، ئازاد عەبدولواحید، کە زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی ئەدەب و زمان و ووشەی کوردی دەکات، زیاتر لە 42 پەرتووکی بە چاپ گەیاندووە و 12 بەرهەمیشی ئامادەیە بۆ چاپکردن.

فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان، دیاسپۆرا، پەیامی پیرۆزبایی پێشکەش بە بەڕێز ئازاد عەبدولواحید کرد و لە مەراسیمی ڕێزلێنانەکەدا پەیامەکە خوێندرایەوە و دەستخۆشی کرد لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ھەڵسوڕاوانی ئەم مەراسیمە.