نەسرین تەنیا
شاعیر، سلێمانی
…………….
تۆ،
تەنیا پیاوێکی خۆشم ویستی
بوونت،
هەر چەندە دوور…
ئارامیم پێ دەبەخشێ
چیرۆکی ئەشقی
نەبڕاوەت
وەک ماسییەکی سەرخۆش
لە دەریای خەیاڵدانمدا
دەست لە ملانی
شەپۆلە سەر شێتەکان
سەما دەکا
لۆچی تەمەن و
کزی چاوەکانم و
بێ هێزی دەست و پێکانم
ناتوانن هێشوی ئومێدم
وشک بکەن
ئاسۆی ڕوانینم فراوانە
تیشکی ئاگری جەستەم
کوڵمەکانم دەگەشێنێتەوە
بە جەسته لێم دووریت
بەڵام بە ڕۆح لە گەڵمدایت و
لە دەمارەکانمدا دەژییەیت.
هەر کات ژانی لە دایک بوونی
شێعرێکی خۆشەویستی
هەدارم دەبڕێ
لە سەفەری خەیاڵمدا
هەست بە گەرمی هەناسەت و
لێوەکانت دەکەم
وەک ئەوەی
لە بەرانبەرمدا ڕاوەستابی.
لە گەڵ نووسینی هەر دێڕێکدا
زیاتر لێت نزیک دەبمەوە
دڵم خێراتر لێدەدا
بە پەلە و
خێرا و
خێراتر.
بە شێوەیەک ڕۆحم
ئاوێتەی ڕۆحت دەبێ
کە سەر لە سەر سنگت
خۆم لە ئامێزت دا دەبینم
هەر وەک یەکەم جار
نوقمی ئەوینت دەبم و
بۆ ماوەیەکی دوور
تەنیا ڕووخساری تۆ دەبینم
هەر ئەو هەستەیە یارمەتی داوم
دوور لە باڵا و دیتنی چاوەکانت بژیم و
دەرگەی دڵە کڵوم دراوەکەم
بە شاکلیلی هیچ پاشا و
جوان چاکێک نەکرێتەوە.

