عومەری مەلا
شاعیر، گەرمیان
………………
ڕق پژاوە
دووکەڵ بووە بە سەیوانی کاتەکانمان
ئاسودەیی بە حەسرەتەوە چاوی هەڵدەگڵۆفێ و
فرمێسک تک تک لە مەراقمان دەچۆڕێ
پیرەمێردێک هەناسەیەکی قووڵ دەکاتە نزای داماوییەکەی و
مناڵێک بەدەم یاریکردنەوە لەپرمەی گریان دەدات
ئاااااای چەن پەرۆشانە
دەمڕوانییه باڵندە تارەکانی سەر ساباتی ماڵەهەژارەکان
لەبەرخۆمەوە دەم وت: چی دەبوو مشتێک دانم ڕۆبکردایەتە بەردەمیان و
هێلانەیەکم بۆ چێکردبان لە سیحری دڵنیایی!
چی دەبوو
تیشکی هەتاوم بکردایە بە گورزێک و تاریکیم
له ڕەگەوە هەڵکەندایە!
وەک کێوێک سنگم قەڵغانی دادپەروەریی و
وەک لوتکەیەک گڵۆڵەی ستەمکارم بخستایەتە لێژی و
وەک بەردەبازێک ڕێخۆشکەری یەکسانی بام
ئااای چەن بیرم له باڵەشکاوەکانی نیشتمان دەکردەوە
گوێم لێ بوو دەی وت: خەم دایگرتووم و کەس خۆشەویستی بۆم نەماوەو
نە ڕۆژێکیان بۆ دیاری کردووم و نە مانگ و نەساڵ
کەس ناپەرژێت تاوێک بیر له وەفای بن تاوێر و بن کاچ و بن دەرخت و بن یاڵەکانم بکاتەوە
تاکە هۆکاری مانەوەشم
لەم سەردەمی پووچگەراییەدا
باخەڵی بەتاڵ و
دڵی پڕ و
چاوی پڕ حەسرەت و
دەستێکی شەقارشەقارو
تکاو داوای هەژارانە کە هەردەم دەڵێن: داڵدەماندەو بمانخەرە سنگی خۆتەوەو
بۆ هەمیشە
دوور له دەستی پڕ لەقینی هەوەسبازان
ئارام ئارام بمانلاوێنە.

