ئەمڕۆ دوو ساڵی ڕەبەق بە سەر تەمەنی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان ، دیاسپۆرا تێ دەپەڕێت، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان لە تەواوی ئەندامانی فیدراسیۆنەکەمان و ھەموو ھەڵگرانی قەڵەمی ئەدەبی دەکەین، ھەڵبەتە کاری ھەر ڕێکخراو و ناوەندێکی کولتووری و ئەدەبی ئاستەنگ و ھەوراز و نشێوی دێتە ڕێ، وەلێ ئەوەی دەمێنێتەوە کۆڵنەدان و درێژە پێدانە بە ڕەوتی ئەو ھەنگاوە پیرۆزەی لە یەکەم ڕۆژدا ھەڵمان ناوە، تاوەکوو بتوانین خزمەت بە ئەدەبی کوردی بکەین، دەستپێکی کارێکی وا زەحمەت و قورسە نەمازە لە تاراوگە، کە ھۆکار و فاکتەرەکان ھاوتەریب ڕێ ناکەن و بایەکەی پێچەوانەی تەوژمەکە ھەڵدەکات، سەرەڕای ئەو ھەڵەت و کووڕەنەی دێنە ڕێمان ئێمە بە لە خۆبردووییەوە کارەکانمان مەیسەر دەکەین و گوڕی پێ دەدەین، ئەوەیش بە لە خۆبردوویی و خۆبەخشانەی برایانمان لە کۆمیتەی ڕاپەڕاندن و دەستەی بەڕێوەبەرانی ناوەندەکانی ئاوروپا و ئامریکا- کانەدا و قەوقاز …. جێی خۆیەتی لێرەوە ھەم دەستی ماندوونەبوونیان دەگوشین ھەمیش سپاسگوزاریان پێ ڕادەگەیەنین، بەو ھیوایەی بتوانین لە ساڵی دادێ کۆنگرەی خۆمان ساز بدەین، کاری فیدراسیۆنمان لە ڕابردوو باشتر زەمینەی ڕاپەڕاندنی بۆ ساز بدەین و ستافێکی لە خۆبردوو و کارامە لە کۆمیتەی ڕاپەڕاندن و ناوەندەکانمان ئەرکی خۆبەخشانەیان بە ئەنجام بگەیەنن و پێشکەوتنی زێتر بەخۆوە ببینن، دووەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی فیدراسیۆن جارێکی دی لە ھەموو نووسەرانی پەراگەندەی وڵاتانی دونیا پیرۆز دەکەین…
ھەر بژی و سەرکەوتوو بن
فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان ، دیاسپۆرا
٩⁄٩⁄٢٠٢٥
ئەڵمانیا

