فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەلاتەوە سەیر نەبێت

ھونەر سمایل
شاعیر

……….

ئیتر وەکو جاران نەماوم
تا ڕقم لە خەوتن بێت
پێشتر
هەموو شەوێك کە دەخەوتم
کۆمەڵێك سەگی هار
پێم دەوڕین و دەوریان دەدام
خەویان لێ دەزڕاندم
بەڵام ئێستا واخەریکە
سەگەکان دەبن بە هاوڕێم
هەرچەند ئێستاش جارو بار
گازم لێدەگرن
بەڵام برینەکانم ئازاریان نیە
خوێنیان،لێ ناچۆڕێن
منیش هێدی هێدی
ئێسقانیان لەبۆ دەهاوێم
ئەوانیش بەڕاکردن دەهێننەوە
بەئیزنی من دەیلێسنەوە
دوێنی شەو
کە خەوتم ئەمجارەیان
زۆر جیاواز بوو
سەگەکەن لەدەوری من
کۆببونەوەو، کلکیان بۆم بادەدا
لەپڕێکدا
خاوەنی یەکێ لە سەگەکان
لەپەنای دیوارێك
لەدوورەوە سەری هەڵێنا
جاسوسی و
چاودێری منی دەکرد
بەبێ ئەوەی من هیچ بڵێم
هەر سەگەکانی خۆی ڕایان کرد
وەکو تاژی (تانجی) و بەحیسابی ڕێوی
قوڕگی خاوەنەکەیانگرت
هێنایانە بەر قاچەکانی من و، ڕایانگرت
هێندە پارایەوە
بەزەییم پێیدا هاتەوە
گوتم،
نەفامە هەڵەی کرد
ئەو مل شۆرە بەرەڵاکەن
بابمرێ بەو داخەوە.

هونەر سمایل