فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە تۆوە ژیان دەناسم

بێکەس حەمەد قادر
شاعیر ھەولێر
…………….

ئێوارەیەکی درەنگ بوو
خۆر رەنگی تادەھات
جوان و جوانتر دەبوو
نارنجی لە شێوەی پرتەقالێك
شێوەی لە گۆرانییەکی ئێوارانی
قەرەجان دەچوو
تیڵم بۆی کرد و
پیاسەیەکی دوور دوورمان کرد
ژیانمان بە ژیان سپارد
گۆرانی مەستی کردین و
دەسمان لە نێو دەستی
یەکدی گرێدابوو
خۆر پەلەی ئاوابوونی بوو
من دەترسام درەنگ بکەوم
لە رێگای نەرم و لە چیایی نزم
ترسم لەبەربوونەوەی ئاسمان بوو
من لە تاریکی دەترسام و
ئەو لە باوەشی من
ئێمە پێکەوە دەبین
کە دوور دەبین نزیك دەبینەوە
کە نزیکین تەماشای
پەنجەکانی یەکتر دەکەین
ھەفتەیەکە دەڵێی سالێکە
شێوەی گۆڕاوەو
خەریکە نایناسمەوە
لە تامی شەرابی دەمی ئەو ناسیمەوە
لە مکیاجی دەم و چاوی نا
ئەو وەك من حەز بە دیوار و
جادەی قیڕ و زۆری قسە ناکات
ئەو بە رێگای نەرم ئارام دەبێ
من لە دەستەکانی ئەو
مانگ و ئەستێرەو خۆر
ھیچ شتێکی نوێم پێ ناڵێن
من لە تۆدا
تۆ لە مندا
ژیان دەناسین