ڕۆژ ھەڵەبجەیی
شاعیر، سلێمانی
………….
(1)
زۆر هەوڵمدا لە بیرتکەم،
ئەوەندە خۆپەرست بووی
من خۆمم لە بیر چوو،
زەهایمەر لە چ نەخۆشخانەیەکە ،
بۆ بیرچوونەوەت !
(2)
پیتەکانی تاریکی هەر،
لە دڵدا پیاسە دەکەن،
ترووسکەیەک چاوشارکێ ناکات
خۆر خەڵکی کوێیە، کە دڵ نابینێ !
(3)
مردن ترس نییە،
ئەوە نییە هەموو ڕۆژێک ترس ،
پاشەکەوت دەکەین..
ژیان چ مردنێکە ترس کوشتی !
(4)
پاییز هەر وەرینی گەڵاکان نییە لە درەخت،
وەرین سەوزبوونێکە لە دڵدا
ئەم وەرینە چ داهێنانێک بوو،
مرۆڤ دایهێنا !
(5)
کاسکێتی سەرم داگیرساوە بە وڕێنە،
من وام تا شەوەکانت کەشفکەم..
کە دەستمدا لە ئەوینت کەوتم،
ئەوین چ پەیژەیەکە،
کۆتاییەکەی کەوتنە !
(6)
دەمێکە لێم ونی،
بەقەدەر کێشانی سیگارێک،
تۆ منت کوژانەوە
وونبوون چ کوژانەوەی سیگارێکە ،
کە مەودای نییە !
(7)
ئەم ماندووبوونە تۆڵەی ژیانە کە چاندی،
بڕێک بەختەوەری باشەتڵکەین،
دەبێت بڕۆینەوە بۆ ماڵ
ماڵ چ دروێنەیەکە ئارامی !
3/9/2025

