سەلما تۆما کاکۆ
شاعیر، ئەڵمانیا
……..………
ئەی پیاو… منی ژن
لەرزانەی کانییەکی ڕوونی بەرتریفەی ،
مانگەشەوێکی هاوینی گوندی سینەو
بەهاری نیشتیمانی تۆم
بە هەورەتریشقەی گەرمی لێوەکانی تۆ دەژیم !
وەرە و ..
وەك جاران بڵێ :
ئێستاش سۆمای چاوەکانی تۆ
لە گەواڵە هەورێکی پڕ بروسکەی
پاشبارانی عیشقێکی سپی
بەسەر سیمای سارای
نیگای پڕسەرنجی ئێش و ژانا
بەسوانەی لەرزۆکی شەودا
دێتە خوارێ
ئەی پیاو ..وەرەو
بەنێو تونێڵی تاریکی،
ژووانی شەوانی تەنیاییدا ڕێکە
بەر لەوەی
کچێنیم لە پیرەپیاوێك مارەبکرێ
تا بڵێسەی چڵێسی حەز و
شەوە نەوسنەکانی ئەو
لە غاری تاری جەستەی ناسکمدا دابمرکێ !
***
دەوەرە و
مەدالیای عیشقێکی پیرۆزەیی
بکەرە گەردنی بەرزی ئەو ژنەی
لە نیشتیمانێکی سەوزی یاخیدا
یاساغ خۆشیویستووی
منیش ..
لەئاسۆی سپی سیماتەوە
زمانی فڕین
دەکەمە وانەی جریوەی چۆلەکەکانی
سەردارتێلی کۆڵانەکەی ماڵی ئێوە
ئەوکۆڵانەی بە ویقارەوە
چرۆنامەی عاشقاتیمان تێدا دەچاند !
***
ئەی پیاو با
داستانی عیشقی پاک و بێگەردی
(شەم) بۆ (وەلی) و
(سەلما) بۆ (جزیری)ت بیر نەچێتەوە
دەزانم تۆی پیاو
کۆکتێلێکی لە غەریزەی بێ کۆتا….
دەتەوێ لەنیگای سەرنج و..
چەمی چاوی من و ئەودا
غەریزەکانت دامرکێنی ؟!
گەرەکتە ….
من وەک (نیوە)
مانشێت و سەردێڕی
هەواڵی گۆڤارو ڕۆژنامەکان و
کتێبەکانتی پێ وەڕازێنی
یان دەتەوێ…
من بکەی بەکاڵاو کۆیلەیەکی،..
زۆر لە نیوە کەمتر ؟!
بیرت نەچێ
دایك و خوشك و کچ
هەر منم
من ژنم ژن
لەنیوەی تۆ
زیاترم من
***
14/3/2025

