کازیوە مەریوان
……………….
لە دەستەكانمەوە،خوێن دەچۆڕێ
وەك تێزاب، بەڵام جگە لەخۆم،دڵۆپەكانی كەسیتر ناسوتێنێ.
لە گەرومەوە گڕ دەردەچێ، تەنها زاری خۆم هەڵدەقرچێنێ
دڵ لە قەفەسی سنگ دەدا و دەیەوێ ئازادبێ، ئازادییەك
كە مەرگە.
سمكۆڵان دەكەم!
پێكانم لەجاران لاوازترن، ئیتر بارم لەسەرشانیان
چاوەكانم بوون بەدوو ڕووباری لێخن، كەشوێنەواریان بێزاركەرە.
كەللەسەرم، بووە بەو تایەیەی كە بەمنداڵی لەبەرزترین شوێنەوە گلۆرمان دەكردەوە.
دەستم نەرم نەرمبووەتەوە، كۆتەرەشی بۆناگیرێ تاڵەپوشی چی!
سییەكانم، جگە لە دووكەڵ، هیچی دیكە وەرناگرن لەكونەلوتەكان.
گوێچكەكانم، تەنها ئازار دەبیستن.
نێوچاوانم، پڕە لەیادگاری عەشقە دووڕووەكان، كە وەك ئەسكەمینی خوێندنگاكان، بێباكانە یادگاریە لەیاد چوەكانینا هەڵ دەكۆڵی.
غەم قورسای گەیاندوەتە سەرئەژنۆكانم.
كە مردم، بۆگەنیم ئەمشارە هەڵدەگرێ، وەك خیانەتی دۆستان، ڕێژنە دەكەمە شوێنە پیرۆزەكان، سوكایەتی بەپیرۆزیەكانیان دەكەم، وەك بارانی ڕەش بەروبومی ئەوساڵە بێبردەكەم.
هەموو ئاوە پیرۆزەكان، ناتوانن پاكم بكەنەوە.
من ئیتر دەڕۆم ،لەسەر ڕێگەكەم
پێ بەمێرولەكاندا دەنێم.
بێباكم لەشەق هەڵدان لەگوڵەكان.
كێ چاوەڕوانی ئەمەبوو!؟
پەپولە پێوەی داین
گوڵ چوو بەدەستەکانماندا
پەرەسێلكە بەردبارانی كردین.
خیانەتی نۆتەكانی مۆسیقا، لەمۆسیقاژەنەكان
كوكوختی لەخانەخوێكان
شێرلە دەشتاییەکان
بۆق لەزەل كاوەكان
ئەو لە من و من لەخۆم…

