فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەهاتنى پایز

عیسا خدر
شاعیر، ھەولێر

…………..

دڵتەنگ نیم
هەر چوار وەرزى تەمەنم
بەتۆ سپاردووە
هەموو وەرزەکانم
بەعیشقى تۆوە خۆش دەوێ.
______________________
لەبەر دەرگا مەوەستە
لەوەتەى خۆشم دەوێى
هەموو دەرگاکانم کراوەن
تۆ لێرە بیت
دڵم وەک ئینجانەى ژوورەکەت
بەپایزیش گوڵ دەگرێ.
______________________
بەردەوام بیرت دەکەم
بەدووریشت بێتاقەت نیم
ئاخر ڕات هێناوم
لەهەر کوێ بی
خەندەى تۆ
لەسەر لێوى مندا
چرۆ بکات
______________________
بەپایزم وتوە:
هێشتا پەپولەکان
لەباخى عیشقى من و تۆ دا
سەما دەکەن
چونکە
عیشقى من و تۆ
بەهارێکى بێ کۆتایە

١ى سێبتەمبەرى ٢٠١٥