فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بادەی نیگا

نەبەز پێنجوێنی
شاعیر، سلێمانی

…………………

 

شنەی بادی سەبا بێنێ لەبۆی زوڵفی پەرێشانت
لە دڵ بشکێ کەمێ تاسەی خەیاڵی ڕووی درەخشانت

لە دڵ شێوەی خەرامانت بەجۆرێ نەقشی کێشاوە
لەلام خواوەند هەچی جوانە لە جوانیی تۆ بەشی داوە

لە مەستیی من عەجیبی دێ ئەوی بادەی نیگای چاوی ـ
نیگاری نازەنینی خۆی نەنۆشیبێ، دەمی لاویی

ڕوەو هەوراز بەرەو پیریی تەمەن گەرچی ملی ناوە
(چلویەک)مە و، بەڵام دڵ هەر لە تافی لاوییا ماوە

وەکو شەونم لەسەر ڕووی گوڵ کەمێ شادیی لە من باریی
هەتاوی خەم لەپڕ هەڵهات ئەویشی برد بەیەکجاریی

وەرە ئەی نازەنینی من، خەزاڵدیدەی شیرینی من
بەخۆتی خاتوزینی من، بکە چارەی برینی من

مەهی چواردەی شەوانی تۆ، شنەی سروەی بەیانی تۆ
ئەگەر ڕۆحی ڕەوانی تۆ، لە من بۆچی نەبانی تۆ؟

دڵم بۆچی ئەڕەنجێنی، لە لێو خەندەم ئەتۆرێنی
گوڵی شادییم ئەشەمزێنی، لەبۆ باخم خەزان دێنی

ببینە ڕۆندکی چاوم، ببیسە دەنگی تاساوم
بپرسە حاڵی شێواوم، لە ئەو دەردەی کە پێت داوم

بەسم خۆ لێ کەنار بگرە ئەمن خۆ یارەکەی خۆتم
بە ڕۆح عاشق، بە دڵ شەیدا و جگەرزامدارەکەی خۆتم

تەماشا خەڵوەتی دڵ کە، لە خامۆشیی کەمێ سڵ کە
بەهارێ چاو لە بوڵبوڵ کە، بە ڕۆح نەختێ سەفای گوڵ کە

لەلای خەڵکیی ئەگەر شێتم، عەواڵی بێ سەر و جێتم
لەلام فەخرە لەسەر ڕێتم، بە گەردی خاکی بەرپێتم

دە تۆش جارێکی مەیلت بێ، وەفای ساتێکی لەیلت بێ
هەتا (پێنجوێنیی) بەو عیشقە بە مەجنوونی دوجەیلت بێ