فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەم شارە بۆنی تۆی گرتووە

ھاوکار گەردی
شاعیر، ھەولێر

………………

چاوەکانم کز بوون
هێندە بە دیار وێنەکەتەوە بڕوانم،
ترپەکانی دڵم بێدەنگ بوون
هێندەی بانگت بکەن،
دەستم تاقەتی نەما
هێندەی نووسی
لە کوێی ئازیزم لە کوێی،
قاچەکانم شەکەت و ماندوو
هێندە گوزەری ئەو شوێنانە بکەن
کە ژوانمان لێی گرێ دەدا،
ڕۆحم بەیەکجاری بێ هیوا بووە
لە بینینەوەت،
بەردەوام بەدوای تۆ دەگەڕێم
دەترسم خۆشم لەدەست بدەم،
هەندێ جار بێ هیوا دەبم لەگەڕان،
دەترسم لە یەکێك لە کۆڵانەکانی شار
بتبینمەوە
بەڵام چ بینینێك،
منداڵێك لە باوەشت بێ و
دەستی نامەحرەمێکت گرتبێ،
دەترسم زۆۆۆۆۆر
کەچی لەگەڵ هەموو ئەو ترسەی هەمە
تاکە شتێك ئومێدی بە هەموو
ئەندامەکانی جەستەم بەخشێوە
ئەوەیە،
کە تۆ هێشتا لەو شارە دەژی
چونکە ئەم شارە بۆنی تۆی گرتووە و
لە هەموو کوچەو کۆڵانێكی
بۆنی تۆی لێوە دێ،

٢٢/٨/٢٠٢٥