فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نەنکی من

بەناز کاوێس ئاغا
شاعیر، بەریتانیا

…………………
نەنکم، باوکیی شیعرە و دایکیی هەتاوە
ئەو روومەتی مانگ سوور دەکات و
ئەستێرە ڕژاوەکان لەسەر زەوی دەڕوێنێ..
نەنکم، لەسەر هەورێکی پەمەیی دەژی
پەشمەک بۆ منداڵان دروست دەکات و
کراسی شکاکی ئاودامان بۆ من دەنەخشێنێ..
بەپێی پەتی هەنگاو دەنێتە سەر
هەموو گوڵەکانی دونیا
شیلەی ماچ بۆ نەوەکانی بەجێ دێڵێ..

نەنکم دەستگیرانی شاخە
ماڵی لەسەر رووباری وەشەنە
بە مایینە شێیەکەی
لە کوێستانان نەرمەغار دەکات..
نەنکم چاوی کزە باش نابینێ
بۆیە منی پشوو درێژ
هەموو شەوێک شیعرەکانی باوکی
بۆ دەخوێنمەوە
نیوەڕۆیان داوی بۆ دەکەم بە دەرزیەوە..

نەنکم لە سوچێکی ماڵەکەیدا
وەک دار بەڕوو
بە ئارامی تەمەن بەڕێ دەکات..
نەنکم هەمیشە دەڵێ با لەگەڵ
باڵندەکان بفڕین
چونکە ئەوان دەزانن
لەسەر زەوی بەختەوەری نەماوە.