سەرھەنگ خامۆش
شاعیر، ھەولێر
…………….
ڕێگاکان تاریک بوون
وێستگەکان خاڵی بوون
لە ماشێنەکانی سەفەر
ئەستەم بوو
بۆ ئەوەی بتوانم هەنگاوێک
بەرەو لای تۆ بنێم
زەریاکان قووڵ و
شەپۆڵەکان شێت
کەنارەکانیش پڕ بوون
لە بێ تۆیی
نەمتوانی پیاسەیەک
لەگەڵ گێژەنی حەقیقەت بکەم
کە نەهاتم
نەمتوانی سەرێ لەماڵی عەدەم بدەم
ئەگەرچی لەوێ
گشت کۆتاییەکان
چاوەڕوانی هاتنم بوون
ببوورە کە نەمتوانی
ئێرە جێبێڵم
بێم حەریفت بم….
چەند سەخت بوو نەهاتنم
چەند بێ ئومێدیشم
لێرە….!!

