پ.ی. د. دڵشاد مستەفا
…………………..

هێنانە گۆی پانیاییەک کە خودی خۆی لەنێو جۆرێک لە نادیاریدا مەڵاسە رەنگە کارێکی هەروا سانا نەبێت ، بەتایبەتی کە کار دێتە سەر ئەوەی بمانەوێت لە نێو دەقێکی ئەدەبیدا بە شوێن دۆزینەوە و کەشفکردنی ئەو مانا جیاوازانەوە بیین کە خودی دەقەکە نایەوێت سانا و ساکار بیدات بە دەستەوە . بەدڵنیایی پێویستیمەن بە هەندێک لەو کەرەستانە هەیە کە میتۆدی رەخنەی شیکاری لەلایەک و هێرمۆنتیکیش لەلایەکی تر بەکاریان دەهێنن . ئەو هەنگاوە پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر و گەرانێکی ترە بەنێو رەوتی مێژوویی مامەڵەکردنی رەخنە لەگەڵ دەقدا .
لەو سۆنگەیەوە میشێل ئۆتن، سەبارەت بە سیمیۆلۆژیای خوێندنەوە، دەڵێ( ئەگەر دەق تەنیا لە ڕێگەی خوێندنەوە بوونی هەبێت، وە ئەگەر هێرمۆنتیک لەوێوە دەست پێبکات کە خوێنەر دەستی بەسەر دەقەکەدا بگرێت، ئەوا قسەکردن لەسەر دەقەکە لە دەرەوەی خوێندنەوە زۆر قورس دەبێت) بەو پێیە هەر شێوەیەک لە شێوەکانی راڤەکاری دەبێت بێنە ناو کارکردنمانەوە تا بتوانین تێبینییەکانمان دەربارەی دەقە بەرهەمهاتووەکە دروست بێت .ئێمە ئێستا لەبەردەم دەقێکداین کە لە چوارچێوە و فۆرمی رۆماندا داڕێژراوە ، هەڵبەتە کاری ئەم نوسینە نییە بچێتە قوڵایی هەڵبژاردنی فۆرمەوە بەهێندی ئەوەی ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکی سەربەستە لەسەرەوەی کارکردن لەسەر قۆڵایی فۆرمە ئەدەبییەکە ، جۆرێک لە ڕاڤەکارییە بۆ دۆزینەوەی بەشێک لەو کۆدە جیاوازانەی (سەڵاح جەلال) ی نوسەر لە کۆنتێکستی جیاوازەوە بانگهێشتی ناو دەقەکەی کردوون .
میخایل باختین وا دەبینێت کە رۆمان توانستی مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆی کایەکانی تردا هەیە ، لەگەڵ مەعریفە و زانستی دەرونناسی و سۆسیۆلۆجیا و فەلسەفە و چیرۆک و ئاین و ئەفسانە و هەموو ئەو پانتاییانەی دی . کەواتە لەبەر رۆشنایی ئەم دیدەدا ، هەموو کایەیەکی دی دەتوانێت لە فۆرمی جیاوازدا لە نێو دنیای رۆماندا دەربکەوێتەوە یان بەشێوەیەکی تر گوزارشت لە خۆی بکات . ئەوەی نوسەری ئەم رۆمانە دەیکات بەشێکی لەنێو ئەم ڕوانینەی باختیندا دەدۆزینەوە . نوسەر جگە لەکارکردن لەسەر ئەو کەرەستانە لە هەر ڕۆمانێکی تردا لەسەری راهاتوین ، بانگهێشتی تەکنیکی جیاواز و کایەی جیاوازی تریشی بۆ نێو بەرهەمەکەی کردوە کە دواتر ئاماژەیان پێ دەدەین .
هەڵبەتە ئەم مامەڵەیەی نوسەر لەگەڵ خودی بەرهەمهاتووەکەی خۆی دەمانباتەوە بۆ پرسیاری ئەوەی بۆ کارکردن لەسەر ئەو بنەما جیاوازانە بوونەتە بنچینەی کارکردنی خودی خۆی لەگەڵ فۆرمە ئەدەبییەکە؟ بەئاسان هەستپێکراوە کە دەشێت ئەم مامەڵەیە لەوێوە سەرهەڵبدات کە نووسەر خۆی خاوەنی کتێبی (ڕیشاڵی تیۆری ڕۆمانی کوردی) یە و لەو بەرهەمەیدا قوڵ ڕۆچۆتە نێو پرسیارکردن لەسەر واقیع و فەزای کەلتووری و خەریکی کنەو پشکنینە لە نێو شوناسی نادیاری رۆمان بەتایبەتی لەنێو کەلتووردا و و مامەڵەیەکی ورد لەگەڵ رایەکانی لوسیان گۆڵدمان و میخائیل باختین دەکات . کەواتە پەڕینەوەی ئەو گریمانە تیۆرییانە بۆ نێو شێوازی کارکردنی خۆی ، کارێکی نامۆ نییە و باکگراوندی مێژوویی خۆی هەیە .
کایەیەکی دی کە ( سەلاح جەلال) ی نوسەر لەم بەرهەمە و لە بەشێکی زۆر لەبەرهەمەکانی خۆیدا کاری تێدا دەکات و مامەڵەی لەگەڵ دەکات میتا زمانە . ئەم تێرمە وەک ئەوەی جۆزێف ری دیۆف وەسفی دەکات و وابەستەی بازنەی ڤێننای دەکات کە بیرمەندانی وەک کارتاب و تاسکی لەساڵانی ١٩٣١-١٩٤٧ کاریان لەسەر کردووە و پاشان فیتگشتاین دێت و وا دەیناسێنێت کە ( بونیادێکی فەلسەفییە وەک ئەوەی ڤێرچیل و راسل ، نەک زمانێکی ئامادە ، ئەو کردەیە سەرچاوەی نادیارییە دەربارەی سروشتی زمان لە خودی خۆی و لە چوارچێوەی دنیادا ). ڤیتگنشتاین ڕوانينی خۆی لە ناڕوونترین بوارەکاندا لە ئاستی فۆرماتیڤدا بنیات دەنێت، کە بەنیازە هەموو هەوڵەکانی زمان بۆ گەیشتن بە مانایەک کە توانای بەرهەمهێنانی ئەزموون و گرتنی هەستی ناوەوەی هەبێت، تێکبدات. ئەو داوای هۆشیاربوون لەو ڕێگایە زۆرانە دەکات کە زمان دەتوانێت چەواشەکارانە و بێمانا بێت.
گەر هەر هەوڵێکی تێگەیشتن لەو کۆنتێکستە زمانییەی ئەم رۆمانەی پێ نوسراوە لەودەوەری ڕوانینەکانی فیتگنشتاینەوە بدەین رەنگە نەتوانین وەک پێویست مامەڵەی دروست لەگەل زمانی بەرهەمهاتوەکەدا بکەین . چونکە لەو تێگەیشتنەوە کە وا دەبینیێت مانای وشەکان زۆر زیاترە لە ژمارەیان، بەو پێیەی وشەکان و ماناکانیان بەشداری لە شتێکی وەک یارییەکی کۆنتێکستدا دەکەن کە دەتوانێت زمان بەرەو ئاستێکی زۆر چەواشەکارانە و دووفاقی ببات و شیکاری هەر ڕستەیەک و لێکدانەوەی ئاماژەیەک لە دەرەوەی سیستەم و واتا کۆمەڵایەتییەکانی هیچ جۆرە مانەیەک بەرهەم ناهێنێت . کەواتە دەبێت تارادەیەک مامەڵە لەگەڵ زماندا بکەین کە ئاماژەکانی دەچنەوە بۆ واتا کۆمەڵایەتییە بنەرەتییەکانی . ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەینبینین هەرکاتێک زمان دەبەینەوە ناو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکی خۆی هەست بەو چەواشەکارییە دەکەین ، بەڵام کە لەدەرەوەی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکە تاماشای دەکەین ، دەبینین لە ئاستێکی بڵنتردا کار دەکات و دەزانێت خوێنەر بەرەو کوێ ئاراستە دەکات ، هەڵبەتە ئەمەش پەیوەندی بەو باکگراوندە مەعریفی و تیۆریەوە هەیە کە خودی نووسەر خاوەنییەتی .
گەر بەرکەوتنی خوێنەر بەم دەقەوە لەو دیدەی ئیمبرتۆ ئیکۆوە تەماشا بکەین کە پێی وایە پەیوەندییەکە لەسەر سێ ئاست دروست دەبێت
١- دەق وەک کۆمەڵێک پۆشایی و نیشانە کە دەتوانرێت پڕبکرێتەوە و لێکبدرێتەوە.
٢- خوێنەر وەک کۆمەڵێک دەق (ئەوەی ئیکۆ پێی دەڵێ ئینسایکلۆپیدیا).
٣- بەرکەوتنی دەق لەگەڵ خوێنەر، کە ئیکۆ بە بەشداری دەقی یان پێگەی ڤێرچواڵ وەسفی دەکات.
دەبینین لەسەر هەرسێ ئاستەکە نوسەر بواری بۆ خوێنەر دروست کردوە ، ئەو لەبەردەم ڕەشنوسێکدا راماندەگرێت کە بواری بۆ هێشتوینەتەوە لەڕێی دۆزینەوەی مانای جیاوازەوە بۆ هەموو ئەو نیشانانەی ناو دەقەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین . ئەمە لەوکاتەدا دێتە دی کە ئیکۆ راڤەی دەکات لەسەر ئەو بنچینەیەی کە بوونی دەق پێشگریمانە ی ئەوە دەکات کە هاوکاری و بەشداری خوێنەر مەرجێکی حەتمییە بۆ بەرزکردنەوەی دەق لە دۆخی چەقبەستنەوە بۆ دۆخی جووڵە. ئەوە نەگوتراوەکانە کە دەقەکە وەک پەراوێزێک بۆ جوڵە و بەشداری خوێنەر بەجێی دەهێڵێت. نووسەر بە دروستکردنی دەقێکی ناڕوون، پڕ لە بۆشایی، بە شێوەیەکی بەرهەمهێنەرانە دەجووڵێت. لە بەرامبەردا خوێنەر بە شێوەیەکی راڤەکاری دەجووڵێت، کاتێک بە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە نهێنی و ناڕوونییەکانی دەقەکە دەکاتەوە.
لەسەر ئاستی دووەم ئەو دۆخەیە کە خوێنەرێکی هۆشیار و خاوەن زانیارییەکی زیاتر و جیاوازتر بەرهەمی دەهێنێت و دەرفەتێک دەکاتەوە بۆ بەرکەوتنی زیاتر ، بەم پێیە، راڤەکردن بە پێی ئیکۆ، گریمانی ئەوە دەکات کە بزواندنی ئینسایکلۆپیدیای مەعریفی خوێنەرە لە ڕێگەی کارلێککردنی لەگەڵ دەقەکەدا ، ئەو کاتەی دەق زانیاری نێو زەینی وەرگر دەبزوێنێت . ئەوەی لە ( تابووتی پەیمانی خودا) دا ڕودەدات تەواوی ئەم دۆخە بەرجەستە دەکات ، ئەو دەمەی خوێنەرێکی هۆشیار بە زانیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دەق دەکات بە باکگراوندە مەعریفییە ، ئینسایکلۆپیدییەکەی خۆیەوە دەزانێت پێگەی تابووتی پەیمانی خودا خۆی لەنێو ئاینەکاندا لە کوێدایە و بەباشی لەوە تێدەگات کە ئەو ئاراستەیەی نوسەر لەسەری دەڕوات بەرەو کام دنیای راڤەکاری دەیبات . بۆیە کە بەرناوەکە دەکەوێت و دواتریش لەنێو چیرۆکە سەرەکییەکەدا دەزانێت کێ سەرقاڵی هەلهێنانای مەتەڵەکان و دۆزینەوەی کۆدەکان و نهێنییەکەی تابووتی پەیمانی خودایە ئیدی دەزانێت نوسەر سەرقاڵی چ یارییەکمان دەکات .
ئەو کاتەشی دێینە سەر ئاستی سێیەم کە دۆخی بەرکەوتنی دەق و خوێنەرە دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کە ئازادی رەها بۆ خوێنەر هێندە ئاسان نییە چونکە وەک ئایزەر کە دێتە ناو جۆرێک لە ئارگومێنتەوە و بەشێوەیەک لە شێوەکان داکۆکی لەهەندێک لەو کۆنسێپتانە دەکات کە ئیکۆ بەرهەمهێناون ، ئیزەر پێی وایە کە هەرچەندە ماناکە لە دەقەکەدا جێگیر نییە، بەڵام نەگۆڕەکان هەن کە دەبێت لە کاتی پرۆسەی لێکدانەوەدا لەبەرچاو بگیرێن. ئەمەش بەو مانایەی کە تەنانەت ئەگەر خوێنەر بە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و لێکدانەوەی ئاماژەکان ، وا دەرکەوێت کە ئازادییەکی ڕەهای لە لێکدانەوەی دەقێکی ئەدەبیدا هەبێت، بەڵام ئەم ئازادییە لە لایەکی دیکەوە، بە مەرج و سنوورداریی دەمێنێتەوە بەهۆی بوونی کۆمەڵێک مۆدێل یان ڕوانگەی دەق ، چونکە ئەو جۆرە لەرەهایی بە بێ بوونی رێسایەک بەتەواوی لەنێو کۆیی بمانا دوری دەخاتەوە و خەیاڵی دەچێتە دەرەوەی مەبەست .
نووسەر لەم رۆمانەدا پەنا بۆ تەکنیکێکی جیاواز لەدەرەوەی کایە دیار وجێگیرەکانی ئەدەب دەبات و هەوڵێکی ترە دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی خوێنەر لە پلۆتی ترەوە بگلێنێت و هەندێک جار لەسایەی هێڵی سەرەکی دەربازی دەکات . بەتایبەتی ئەو کاتەی دەزانین بەشێکی گەورەی وێنەکان لە تەنە فەزاییەکەوە لەڕێی ژیری دەستکردەوە مۆنتاژ دەکرێن . خودی کردەی مۆنتاژ کردەی بەرهەمهێنانی جۆرێک لە هۆشیاری ئامادەیە بۆ بینەر کە دەبێت ئەوە ببینێت کە بەرهەمهێنەر دەیەوێت بیبینێت . بۆیە کاتێک ژیری دەستکرد دێتە ناوەوە ئەوسا لەوە تێدەگەین کە هێزێک تەکنەلۆجیایەکی مەزنی لەبەردەستە و دەیەوێت کۆنترۆڵمان بکات ، هێزێک ژیانمان بە پێی ڕێساکانی ئەو رێکدەخرێنەوە . دیمەنی فیلمەکان وێنە و گرتەکان بە جۆرێک بەیەکەوە دەنرێنەوە کە بیرکردەنەوەیەکی دەستنیشانکراومان لەزەیندا بۆ دروست بکەن دەربارەی ئەوەی هێز لەکوێیە و لەدواجاردا کێ دەمێنێتەوە ، ئەمە ئەو ستراتیجەیە کە سەردەمی لیبرالیزمی نوێ دەیەوێت بەسەر دنیایدا بسەپێنێت ، نوسەر هۆشیارانە دەمانخاتە بەردەم ئەو گریمانانەی کە چارەنوسی کۆی مرۆڤایەتی لەبەر دەم چ هەڕەشەیەکی گەورەدایە . پەنا بردن بۆ سینەما وەک هێزێکی بەرهەمهێنانی هۆشیارییەکی جیاواز و گەیاندنی پەیام لە ڕێیەوە هەوڵێکی تری نوسەرە بۆ دەرچوون لە جوغزی تەقلید و باو .
هێنانە گۆڕێی چەمەکەکانی (LGBT) ئەو کاتەی لە میانەی فیلمەکانەوە دێنە ناو هێڵی چیرۆکە سەرەکییەکەوە ، بە دڵنیایی جۆرێکە لە هێنانە گۆی ئەو پانتاییەی ئێستای خۆرئاوا کە سەرقاڵییەکی زۆری لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتییەکە دروستکردوە . ئیدی خۆرئاوا بەتەنها مۆڵکی خودی خۆیان نییە ، خۆرئاوایەکی یەک رەنگ ئیدی بوونی نییە تا چ جۆرە چەمک و رەفتارێکیان بوێت بەسەر دنیادا بیسەپێنن ، ئێستا لەناو جوگرافیاکەی خۆیاندا کەلتووری جیاواز و بڕوای جیاواز هەن کە دژ بەو چەمکانە دەوەستنەوە ، ئەم کارکردنەی نوسەر لەمیانەی گێرانەوەی چیرۆکی هۆمۆ یان لیسبیانەکانەوە قسەکردنە لەسەر ئەو رۆژگارەی ئیدی سروشتی بەردەوامی ژیان لەبەردەم جۆرێک لەهەڕەشەی راستەوخۆدایە بەتایبەت لەو دۆخانەدا کە خۆرئاوا خۆی پشتگیری لەو رەفتارانە دەکەن بەناوی ئازادی تاک و رەفتارەوە .
لایەنێکی دی لەم رۆمانەدا کە دەتوانین قسەی لەسەر بکەین بەکاربردنی رەمزەکانی ژیان و هێنان یا دروستکردنی ئەفسانەی نوێ کە رۆلان پارت ئاماژەی پێ دەکات و باس لەوە دەکات کە رۆژگاری ئێمەش سەرقاڵی دروستکردنی ئەفسانەی خۆیەتی ، بەهەردوو دیوی چەپ و ڕاستدا ، کەواتە ئەفسانە ئیدی شتێک نییە وا بەستەی مێژوو بێت یان رۆژگارێک کە بەر لەسەرهەڵدانی فەلسەفە وەک بیری مرۆڤی سەرەتایی لێی دەروانرێت بەتایبەتی لە دیدی شتراوسدا ، بەڵکو ئیدی سەردەمێکە کە ئەفسانە تێیدا بەتەنها وێنە بونیادی دەنێت ، گەر لەو ڤیدیۆ گریمانیانە بڕوانین کە نوسەر هەوڵ دەدات وەک جۆرێک لە ئەفسانەی نوێ دروستیان بکات و لە زەینی ئێمەدا جێگیریان بکات ، ئەم هەوڵە بەهۆی ئەو کەلەکەبوونی مەعریفەیەوە دروست دەبێت کە لەزەینی نوسەردا هەن .
لە راستیدا ئەوەی لەم ڕۆمانەدا هەیە بەو ساناییە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت و لەهەر چەمکێک لەو چەمکانە وردبوونەوە دەرفەتێکی زۆر و هێزێکی زیاتری دەوێت تا بتوانین بەو شێوەیەی شایستەیە دەقەکە راڤە بکەین . ئەوەی دەمێنێتەوە لەم کورتە باسەدا ئەوەیە کە خواستی سەرکەوتنی زیاتر بۆ نوسەر بخوازین و بەهیوام خوێنەر بە سەلیقەی خۆی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ئەم بەرهەمهاتووە سەنگینەدا بکات ..

