شێروان عوسمان
شاعیر
……….
وەک مۆمێکی کوژاوە
لە چوارڕیانەکە وەستاوە
تکەی قوربانی لێ دەتکێ
بە خۆی وبەڕک و قۆدیەکی بەتاڵ
دەست لە کۆمەڵگایەک پاندەکاتەوە
هەر بە فووی ئەمان خامۆش و کەنەفت بووە
وەلێ کەس نازانێ،
ڕۆژانێک چ تیشکێکی بلیمەت بووە
یان وەکو ئەو کزە با سەرهەڵگرتووانەی،
دەبنە ئاردی ناو دڕک و ئاوارەدەبن
دەرۆزەی تیکەیێ نان و
بستێ خاک و
لەتێ زمانی حاڵیبوون
دەکەن
کەسیش نایانناسێ
لە زێدی خۆیان،
چ مرواری و بەردێکی سەنگین بوون
زۆر دەترسم؛
ڕۆژێک بێ
منیش وەک ئەو سواڵکەرە بم.
یا وەکو پیرەیەکی دەستی ئەنفال
بۆ ئیمزایەک
لەبەر دەرگای مەسولێک دەکەوێ
بۆ دیدارێکت،
وەکو تۆزو ئارد
لەسەر هێڵنگی بەردینی ویژدانت
بەرببمەوە..
کەسیش نەزانێ،
ئەو بەردەی؛
شوشەی دڵمی هاڕی
لە دەمی تۆ دەرپەڕی

