خالید کۆچەر
نووسەر
………….
لەم نووسینەمدا لە دەرگای بابەتێکی گڕنگ دەدەم ، بابەتێک دەورووژێنم بۆ هەڵوێستە کردن لەسەر ئەو نووسینانەی بەرۆکی ڕەخنەیان گرتووە ، بە ناوی ڕەخنە لە رۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاودەکرێنەوە ، گەلێک جار تەنیا بەرۆکی شیعرمان گرتووە ، دەلێین : شیعر بەرەو زەلیل بوون هەنگاو دەبرێت ، ئەوەتا ڕەخنەیش بەرەو زەلیل بوون دەبیندرێت ، ئەو پرسیارەی پێویستە لە خۆمانی بکەین ، ئەو بابەتە مەعریفانەی دەنووسرێن چ بە کتێب ، یا لەسەر لاپەرەی گۆڤار و رۆژنامەکان بڵاودەکرێنەوە بە هەق بابەتی ئەدەبین ، چێژ دەبەخشن بە خوێنەر ، تۆ لە پیرۆزی جوانی شیعر نەگەیت چۆن دەتوانیت بابەتێک بنووسیت ، تۆ لە ئەندێشەی چیرۆکێک نەگەیت چۆن دەتوانیت چیرۆکێک شرۆڤە بکەیت و لەسەری بنووسیت ، بیرمە لە کۆتا ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان یەکێ لەو ژانرە ئەدەبیانەی پیرۆزی خۆی هەبوو ، خوێنەری خۆی هەبوو ، دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو ڕەخنە بوو ، بیرمە ئەگەر بابەتێکی ڕەخنەییمان بەرچاومان کەوتبا بە عەشقەوە دەمانخوێندەوە ، تەنانەت ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد ، چێژ لە خوێندنەوەی دەبیندرا لە خوێندنەوەی ، نووسەرەکەیش سەنگینی خۆی هەبوو ، لە هەموو ژیانی ئەدەبیمدا ڕێگام بەخۆم نەداوە قەڵەمی نووسەرێک بریندار بکەم ، بەڵام ئەمڕۆ لەناو بابەتە ئەدەبییەکاندا و ئەوانەی بەناوی ڕەخنە دەنووسرێن و بڵاودەکرێنەوە بۆنی تەشهیر و بریندارکردن و بچووکردنەوە و لێدانی نووسەرەکەیش دەدرێت ، ناڵێم : ئێمەی کورد لەناو نەخشە و ئەتڵەسیی ئەدەبی کوردی ڕەخنەگرمان نییە نا بە پێچەوانەوە ڕەخنەگری جوانیشمان هەیە ، بەڵام ئەوانەیش بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ، گەلێک جار بابەتێکی ئەدەبیم کەوتۆتە بەرچاو گوایە بابەتێکی ڕەخنەییە بەزەییم بە خودی نووسەرەکەیش هاتۆتەوە ، من گەلێک جار وتوومە : ئەوانەی نەبوون بە شاعیر و نووسەر و چیرۆکنووس و ڕەخنەگر سەد ساڵی دیکەیش بنووسن نابن بە هیچ ، لە ژیانمدا بە خیلیم بەکەسدا نەکردووە و نایکەم ، بەڵام گەلێک جار بە خیلیم بەو کەسانە دێتەوە دەڵێن : فڵانە کەس مۆرانەی کتێبە ، خوێنەری کتێبە ، کتێبێکی چاک دەرباز ناکات لە خوێندنەوەی ، خوێنەرێکی چاکە ، ڕۆشنبیرێکی بە ئەزموونە ، لەگەڵ ئەوەیشدا خۆی فەرز ناکات بەسەر ئەم و ئەودا ، یەکێ لەو بابەتە گڕنگانەی جێگای هەڵوێستەیە پرسیار لە خۆمان دەکەین بۆچی خوێنەرمان نەماوە ، ژمارەی نووسەرەکانمان لە ژمارەی خوێنەرەکان زیاترە ، ئەو هەموو زۆریی و بۆرییەی کتێب بڵاودەکرێنەوە ، کتێبە خراپەکان کتێبە جوانەکانیشی ونکردووە ، دواتر بابەتێک هەیه حەز دەکەم لەم نووسینەمدا ئاماژەی پێبکەم کاتێک نووسەرێک ، شاعیرێک ، چیرۆکنووسێک بۆتە ناوێک ، قەڵەمەکانی دەوروبەری خۆی ڕەفز دەکاتەوە ، ئەمەیش کارەساتە دەچێتە ناو بازنەی غروور بوون ، چەندە جوانبوون ئەو ڕۆژانەی کتێب و گۆڤار و رۆژنامە ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد ، تیراژی کتێب لە هەڵکشاندا بوو ، هەر کات کتێبێکی تازە رووناکی دەبیینی و چاپدەکران و بڵاودەکرایەوە لە ماوەی هەفتەیەک کەمتر یەک دانە کتێب لەسەر ڕەفەی هیچ کتێبخانەیەک نەدەمایەوە ، ڕاستە ئەمڕۆ سۆشیاڵ میدیا بۆتە فیرعەونی هەموو چاوێک ، چاوەکان چاویان لە سۆشیاڵ میدیایە ، ئەمڕۆ سۆشیاڵ میدیا دەبیندرێت و دەخوێندرێتەوە ، لە کۆتا خوێندنەوەم بۆ ئەم بابەتەم ، دەربارەی ڕەخنە ، ئەوەتا ڕەخنەی کوردیش بە غەریبی دەبیندرێت و لەناو تەمتوومانی ڕاماندا ڕەخنەی جوان کەم دەبیندرێت و کەم دەنووسرێت ، خۆزگە ئەو نووسەرانەی نەبوون بە ڕەخنەگری جوان وازیان لە ڕەخنە نووسین دەهێنا چیتر غەدریان لە پیرۆزی ڕەخنە نەدەکرد و ژانرێکی ئەدەبی دیکەیان بۆ خۆیان هەڵدەبژارد .

