عەبدوڵڵا خەیات
شاعیر
…………..
ئەی شەو دڵنیام تـۆ زۆر ئـارامی
بەبێ ژاوە ژاو بێ قسەو کەلامی
ئەی شەو تۆ وەرە و بمگرە باوەش
دامپۆشە ئـەمشەو بەتارای هاوبەش
دڵم ئارامکە بێ خەم بخەوێ
وەرە و دامپۆشە بۆتەنیا شەوێ
باجلیوەیان بێ ئەستێرەکانت
تریفە بڕێژێ مانگی ئاسمانت
شنەی شەماڵت ئارەقەم بسڕێ
باڵندەی شەوت بەسەرما بفڕێ
قیڕەی بۆقیلە و خوڕەی ناوکانی
باقــوبــریقــی شــەپۆلــەکانی
شنـەی گەڵاوچـڵ ، ورشـەو لـەرزانەی
دیدەم مەست ئەکا ئەوسەماجوانەی
هـەرشەوە ئـارام ، ئـەدا بـەگـیانم
خەونی بەهەشتێک دێتە چاوانم
خوایە هەر شەو بێت ڕۆژ بەئازارم
لــەهـیـلاکـی ڕۆژ گـە لــێ بـێـزارم
دەبا هەر شەوبێ ڕۆژ نەیاتەوە
تا ڕۆژی مەحشەر من بەلاتەوە
من عاشقی تۆم ئەی شەوی تەنیا
تۆش میهرەبــان بە بمـکە دڵــنیا
دڵنیایی خۆم لایتۆ دەبینم
نیوەی بۆتۆیە تەمەن و ژینم
ئارامبەئارام جەستەم بلاوێنە
لەناو خەونێکا تێر بمخەوێنە
دەبا یەڵدابێ درێژبێ ئەم شەو
لەناو باوەشتا چاوم بچێتە خەو
،،،،،،،،،،،
شەویش جوانی خۆی هەیە بەلای منەوە

