فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژنێکی سەوز

ڕۆژا ناسر
شاعیر، سوید

…………….

 

باڵندەکان ئەگەڕێنەوە بۆ دیار
بۆ هەوار و هێلان یان،
لە پاش چنگ کەوتنی نانە ڕۆژیان
منیش ئەگەڕێمەوە بۆ ماڵی حەقیقەتی خۆم
بۆ کۆنە هەواری دڵنشینم، لانەی ئارامی خۆم
بۆ گەڕانەوەی وجودی ڕاستەقینەم
بۆ دەستپێکی ڕەگەکانم سەر لەنوێ!
بۆ مەزرای تازە چەکەرەکردووم لە خەونەکانم
ئەشنێمەوە ئەژێمەوە سەوزی سەوز ئەبمەوە
هێلانەی بەختەوەریم سەرتاپا گوڵ ئەگرنەوە
کە لە هیچ وەرزە ساڵێک، لقەکانیان نەشکێتەوە
نە ڕەشەبا بێڕەحمەکانی ژیان، نە نیشی بە ناومرۆڤەکان
دەستی پڕ لە ڕەگە ووشکەکانیان نەگاتێ…!
ئەشنێمەوە
ئەژێمەوە
سەوزی سەوز ئەبمەوە
گوڵان سەمای خۆیان دەست پێ ئەکەنەوە
لە قەدێکی گوڵە لاولاوی!
بەرزی بەرز، کە زۆر بەرز
بەرەو لوتکە، لە دامێنی دڵێکی پڕ لە ڕەگ!
“ڕەگی ئەشق، ڕەگی جوانی، ڕەگی مرۆڤ بوون”
خۆیان هەڵئەسوون لەو لاولاوە،
“لەو ژنە زۆر گەرمە، لەو ژنە پڕ لە تیشکە”
لەو ژنە کە خەونی زۆر زۆرێک بوو
بە دوو چاوی پڕ لە ڕاز!
بە دوو مەمکی ژنانە
بە دوو لێوی پڕ لە قسە
بە دڵێکی پڕ لە ڕەگ،
ڕەگی جوانی و ئەشق و مرۆڤ بوون،
!و لوتکەی ژیان
بە باڵا و قەدێکی سنەوبەر ئاسا
کە هەر چوار وەرزەکە
لە ساڵ و لە هەموو مانگەکان
تەنها سەوزە..!!! سەوزی سەوز!
ڕووەو لوتکە بەرەو ئاسمان
ژنە سنەبەرەکە، ژنە تەڕە سەوزەکە
لە سنەوبەر سەوزتر و ڕاست تر و ڕێک تر!!!
ئەشنێتەوە ئەژێتەوە، گوڵ ئەگرێتەوە
لەگەڕانەوەی بەرەو خۆی!
بەرەو هەوارگەی ڕاستەقینەی خۆی
کە ڕۆژانێک بۆنی جوانی و
سەمای ئارامی و
بزە و پێکەنین و خەندەی تەڕ و
ژن بوونی خۆی ئەکرد
لە هەموو کوچە و شەقامەکانی ناو دڵی خۆی
پڕ بە باڵی ژنانەی خۆی!!!
بەر لە ناسینی پیاوێکی ماسکاوی
بەر لە ناسینی پیاوە هەوەسبازە ناشرینەکان
بەر لە ناسینی موقابە ڕەنگاوڕەنگەکان
“کە وجودی بە ناو مرۆڤەکان بوو”
لەو موقەبایانە مرۆڤ هەبوون!!!!
وە گەوهەرەکانیش لە دوو توێی ڕۆحەکان
بۆ دیسان سەوزبوونەوە و نەش ونمای جوانییەکان
هاتبوونە سەمای ناو گۆڕەپانی
دەورەدراو لە موقەبا و تەپەدۆرەکان!!
کە جگە لەماسک وکاتی بوونیان
لەم هەرای ژیانە، لەم نمایشی سێرکە
“شتێکی تر نەبوون”
دیسان سەوزبوونەوە
لە دوو توێی ڕۆحێکی چەکەرەکردووە
ئەشنێنمەوە
ئەگەشێمەوە
سەوز ئەبمەوە
گوڵ ئەگرمەوە
چەشنی لاولاو، بە قەدێکی سنەوبەر ئاسا
کە هەمیشە سەوزە، سەوزی سەوز
نە ڕەشەبای بێڕەحمی ژیان،
نە ماسکی بە ناو مرۆڤەکان
“نە ناشرینی پیاوە هەوەسبازەکان”
نە نمایشی دووڕووەکان
گرێ نەبوون لە سەوزبوونەوە
لە دڵێکی سەوز لە دامێنی
ژنێکی سەوز
سەوزی سەوز
سنەوبەر ئاسا..!!!