ھێڤار تەنیا
شاعیر، سلێمانی
………………
بەر لە مەرگ
دەگەڕێمەوە کۆڵانەکانی منداڵی!
لەژێر ئەو دار تووەی سێبەرم بوو
بەو پێکەنینانەم شاد ئەبم
کە ئێستا نین.!
بەر لە مەرگ
سەرم ئەگرم بە دیواری ماڵەکەمان
چاو لێک ئەنێم ، خۆشبەختیم
خۆی حەشار ئەداو
منیش بەدوایدا ئەگەڕێم.!
بەر لەوەی مەرگ
بێتە تاقی ژوورەکەم
دەچمەوە ناو کانتۆرە کۆنەکە
دەرگاکە لەخۆم دادەخەم،
تاکو بە مەراقەوە بگەڕێت و
بمدۆزێتەوە!
بەر لەوەی مەرگ
لە وێسگەی ماڵ ئاوایمدا ڕا بوەستێت
سەرێک ئەدەم لە مەتەرێزەکانی خەون و
لە خەونێکی بەدی نەهاتووم
ئەپرسم؟
ئەرێ چ باسە؟
خۆمت لایە بەدڵێکی بەتاڵەوە
دەکرێت ئێستا بمدەیتەوە؟

