فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شەھێن تەھا
شاعیر، ھەولێر

…………

بەردەوام
بە کۆڵانەکانى غوربەتدا شۆر دەبمەوە
ماڵ بە ماڵى تیا دەناسم
گەر چى ئاوى ئەوان ‏
تینوێتی من ناشکینی ‏
لەسەر جۆلانە گوریسەکانى ئەوان
خەو نامباتەوە
من ئەو رێبوارە هەمیشەییەم
لە چمکێکى پەردەى ‏
پشت دەرگاکانى رابوردوو
سەرتاتکێى
دەرکەوتنى سێبەرى گەڕانەوە دەکەم
گەڕانەوەم بۆ دەنگى پیى مناڵیم و
بەرامى ساتە بۆنخۆشەکانى
بەر هەیوانەکەمان و
زەنگى میوانى ناکاو
دڵنیام
کۆڵانەکانى غوربەت
کۆى تەمەنم لە خۆ دەگرن
بۆیە ساتە وەختەکانم
گەڕیدەن
پەرتن بەناو رەنگى خاک و
‏ خەزانى تابلۆکان
ونن ‏
لە توێى چامەى کزى ئەو شاعیرەى
وشەکانى رادەستى داهاتوو دەکات و
بە ژیان دەڵێ
ئەوان درەختیان بڕییەوە
ئاویان گرتەوە
قەدى چیاکان بوون بە باڵەخانە
چراى روح خامۆش بوو
کوا
چیان بۆ تۆ هێشتەوە بیبەخشیت

‏15/ 7 / 2023