فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەئەزموونەوە بۆ هیوا، گەشتی ئەزموونێكی پڕ لە هیوا!


‎ئەرشەد تەحسین
نووسەر ، سلێمانی

…………………..


‎كتێبی ( لەئەزموونەوە بۆ هیوا ) نووسینی ( خۆشی شوان)ە، بەتیراژی (١٠٠٠) دانە لەساڵی ٢٠٢٥ بڵاوبووەتەوە، ئەم كتێبە سەرەنجامی ئەزموونی نووسەرە لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، لەڕێی ئەم كتێبەوە نووسەر بۆمان دەدوێت و دەیەوێت خوێنەر لەو گەشتەی خۆی ئاگادار بكاتەوە كە لەگەڵ شێرپەنجەدا بەسەری بردووە، باسكردنی ژیانی تاڵی خۆیەتی هاوشانی نەخۆشی شێرپەنجە و ئەو لێكەوتانەی لەو ماوەیەدا تێیپەڕاندووە.
‎ئەگەرچی نەخۆشی شێرپەنجە لەگەڵ بیستنی ناوەكەیدا دەیان بیری ناخۆش و تاڵ و پڕ ئازار بەمرۆڤ دەدات، بەڵام نووسەر جیاواز گەشتمان پێدەكات و بەئیرادەوە چاومان بەوشەكانی كتێبەكە ئاشنادەكات، باسی ئەو ڕۆژانە دەكات كە بۆ هەر مرۆڤێك لەشەوگاری تار تاریكترن كاتێك بەو نەخۆشییە دەردەدار دەبێت، بەڵام ئەو پێمان دەڵێت ئیرادە و پاڵپشتی كەسانی دەوروبەر زامنی سەركەوتنن بەسەر نەخۆشی و ناخۆشیدا، هەربۆیە ئەو كەسانە لەیاد ناكات كە هەمیشە وەك چیایەك لەپشتی بوون و نەیان هێشتووە باڕەشی نەخۆشی شێرپەنجە بیخات، ئەو وانانەمان پێ دەڵێت كە لەگەشتی خۆی لەگەڵ شێرپەنجەدا فێریان بووە.

‎پەیامی هیوای پێیە.
‎نووسەر لەم كتێبەدا پەیامی هیوا و ژیان و ئیرادە و بیركردنەوەی ئەرێنی دەگەیەنێت، چاوی هەموو ئەوانە دەكاتەوە كە ژیان لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا دەگوزەرێنن و خەریكە لەژێر هەژموونی بێهیوایی و بیركردنەوەی نەرێنیدا هەرەس دەهێنن و دەڕووخێن، پێمان دەڵێت ئیرادە و هیوا بەسن بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی و سەركەوتن بەسەر ناخۆشییەكاندا، ئەو دەڵێت ڕاستە ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە هاتوون شەوگاریان تاریك و پڕ ئازاڕە، بەڵام دوای هەموو شەوگارێكی درێژ ڕۆژێكی رووناك بوونی هەیە، تەنیا ئارامگرتن و ئیرادە دەتگەیەنێت بەرۆژی رووناك.
‎ئەم كتێبە گەشتی سەركەوتنی ئیرادەی مرۆڤە لەجەنگی دژی شێرپەنجەدا، بەبڕوای من خوێندنەوەی دەبێتە چەكێكی بەهێز بۆ سەركەوتن بەسەر نەخۆشی و ناخۆشیدا.

‎كتێبەكە دابەشی چوار بەش كراوە.
‎ئەم كتێبە دابەشی چوار بەشی سەرەكی كراوە، هەر بەشەیان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەبەشی یەكەمدا نووسەر باسی ژیانی خۆی دەكات لەماوەی تووشبوونی بەشێرپەنجە، چیرۆكی خۆی لەڕۆژانی هاتووچۆی نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەر و ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕبووە دەگێڕێتەوە، وەك نووسەرێكی ئاسایی لەسەرەتاوە بەباسكردنێكی سادەی پێش تووشبوونی بەشێرپەنجە دەست پێدەكات، پاشان دەچێتە سەر ئەو ڕۆژە و ئەو چركەساتەی هەواڵی تووشبوونی نەخۆشیەكەی پێڕادەگەیەندرێت، چۆنییەتی بیستنی هەواڵەكە و مامەڵەی خۆی لەوكاتەدا دەخاتەڕوو، دواتر هێدی هێدی بەرەو رۆژانی چارەسەر و چۆنییەتی سەردانیكردنی نەخۆشخانە و تێكەڵبوونی لەگەڵ نەخۆشانی تر باس دەكات، تا دەگات بەكۆتایی هاتنی چیرۆكەكەی و ئەوكاتەی پێی ڕادەگەیەندرێت كە نەخۆشییەكەی تێپەڕاندووە.
‎بەشی دووەمی كتێبەكە تەرخانكراوە بۆ هێزی بیركردنەوەی ئەرێنی و چۆنییەتی بەكارهێنانی هەستی ئەرێنی بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێپەڕاندنی شێرپەنجە، ئەم بەشە بەتەنیا كتێبێكی تایبەتە لەبواری گەشەپێدانی مرۆییدا و چێژ و سودێكی ئێكجار زۆر بە خوێنەر دەبەخشێت،
‎بەشی سێیەم تەرخانكراوە بۆ وتەی پزیشكانی نەخۆشخانەی هیوا، سەرنج و تێبینییەكانیان دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجە و ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانیان لەو بوارەدا، بەشی چوارەمیش تەرخانكراوە بۆ چاوپێكەوتنی ئەو نەخۆشانەی هاوشێوەی نووسەر نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە یان بەئیرادەوە بەرەنگاری بوونەتەوە.

‎هەستێكی بەهێز لەوشەكانی كتێبەكەدا بەدیدەكرێت.
‎ئازار هەستە، نەخۆشی هەستە، خۆشی هەستە، لەكاتی باسكردنی ناخۆشی و نەخۆشی شێرپەنجە و چارەسەر و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بەو نەخۆشییەوە لەگەڵ بیستنیدا هەستێكی ناخۆش و پڕ لەئێش و نەرێنی داتدەگرێت، چونكە لەگەڵ باسكردنیدا ئەو هەستانە بۆ خوێنەر دەگوێزرێنەوە، من سەراپا لەكاتی خوێندنەوەی كتێبەكەدا هەستم نەكرد كەسێك ئەم كتێبەی نووسیبێ خۆی تووشبووی نەخۆشیەكە بێت، چونكە هیچ كات هەستم بەبێزاری و نائومێدی و رەشبینی یان هیچ هەستێكی نەرێنی نەكرد، بەڵكوو هەمیشە هەستێكی بەهێز، پڕ لە ورە و ئیرادە، پڕ لەسەركەوتن لەم كتێبەدا ئەتدوێنێ، تەنانەت كاتێك باسی ئەوە دەكات وردەوردە قژەكانی دەوەرێت، خۆی بڕیار دەدات هەمووی بەیەكجار لاببات بۆ ئەوەی هەستی نەرێنی لەگەل وەرینی پرچیدا داینەگرێت، ئەگەر ئەم ئەوپەری ئیرادە و هێز و گەورەیی نەبێت دەبێت چی بێت، ئەمە هێزی ئیرادە و رووبەڕووبوونەوەیە، هێزێكە لەناخەوە پێت دەلێت ئەگەر پرچیشم نەبێت من بەپێوەم، بەهێزم، خۆم مووەكانی سەرم دەتاشم بەڵام رێگە نادەم ئیرادەم بوەرێت.

‎ئەم كتێبە هەڵگری چەندین وانەی جوانە.
‎فێرمان دەكات هەركات نەخۆشی و ناخۆشی، خەم و ئازار، گرفت و كێشە رووبەڕوومان بوونەوە نەپرسین چۆن و كەی و بۆ هات، بەڵكوو لەبری ئەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین و كات و وزەی خۆمان بۆدۆزینەوەی چارەسەرەوە تەرخان بكەین، فێرمان دەكات بەهای ژیانمان بزانین و فێری خۆشەویستی و ئیرادە و هاوكاری و پاڵپشتیمان دەكات، ئەوەمان پێ دەڵێت كە پاڵپشتییەكان ئەگەرچی كەم و بچوكیش بن بەڵام جێی خۆیان دەگرن.
‎ئەم كتێبە فێرمان دەكات ژیان ئەم چركە ساتەیە، ئێستا دەتوانین داهاتوو درووست بكەین، ڕووخانی ئێستامان كاولكردنی داهاتوومانە، ئەوەمان پێدەڵێت لەناخی شێرپەنجەشدا هەناسەیەك بۆ ژیان و سەركەوتن هەیە، شێرپەنجە بەشێكی ژیانە نەك هەمووی.
‎ئەوەمان پێمان دەڵێت شێرپەنجە ئەزموونە هەموو كەسێك دەتوانێت سەركەوتووبێت، وەك چۆن خوێندكارێك تاقیكردنەوە دەكات و سەردەكەوێت، هێندە بەسە كۆنتڕۆڵی بیركردنەوەكانت بكەیت و ژیانت پڕبكەیت بیركردنەوەی ئەرێنی .
‎ئەم كتێبە ئەوەمان پیشان دەدات كاتێك ئەرێنی بیردەكەیتەوە لایەنە باشەكانی ژیان دەبینیت، ئەوكاتیش زیرەكانە مامەڵە دەكەیت و رووبەڕووی كێشەكان دەبیتەوە و ژیانت جوانتر و بەرهەمدارتر دەبێت.
‎ئەم كتێبە ئاگادارمان دەكاتەوە لەوەی بیركردنەوەی ئەرێنی ئەو هێزەیە كەزۆربەی خەڵكی لێی بێ ئاگان