فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەگەڵ تەنیاییدا

 

محەمەد سۆران
شاعیر، سلێمانی

………………

ژاوەژاوێکی زۆر لە دڵمدایە!
ئاسمان پڕە لە ئەستێرەی سامناک،
زۆر شەو چاوەڕێی کازیوەم،
زۆر شەو لە وێستگەیەکی چۆڵ خەوم لێ دەکەوێت.

گریانی ئەو منداڵە بێداری کردووم کە لە برسا خەوی لێ ناکەوێت،
قاقای ئەو پیاوە مەستانە بێداری کردووم کە ئابڕووی خۆیان لەسەر مێز دادەنێن و دەیدۆڕێنن،
دەمەوێت جلە پینە کراوەکانم لەبەر بکەم،
چاوەکانم دابخەم،
هەردوو دەستم بخەمە سەر هەردوو گوێم و بگریم!

ئەی بێباکترین دۆست، ئەمە ژینی منە!
هاوشێوەی پیاوێکی ماندوو بۆ وێنەکانی خۆم دەگەڕێم.
دەمەوێت بڕۆم،
لە بەیانییەکی ساماڵدا ژوورەکەم بکەم بە وێرانەیەکی چۆڵ،
بیکەم بە پاشماوەی جەنگ.

ئیدی شەپۆلەکان دەکەم بە هاوڕێ و
لە نێو دەریادا دەبم بە خوانی نەهەنگە برسییەکان،
یان لە چاوەڕوانی کەناردا چاوەکانم لێک دەنێم و هاوار بۆ کەنارێکی دوور دەکەم و
دەچمە شارێکی غەریب،
باران هەموو لەشم تەڕ دەکات،
لەلای ترافیکە وەستاوەکان تەماشای پێڵاوە دڕاوەکانم دەکەم و
گۆرانی بۆ نیشتیمانەکەم دەڵێم!

ئەی ژیان ئەمە سزای ئێمەیە؟
ئەمە ئەو هۆنراوەیە بوو کە بیست و دوو ساڵە دەینووسمەوە و تەواو نابێت!
ئەمە دەنگی ئەو چۆلەکانەیە،
لەنێو باخچە بچووکەکەی دایکمدا هەبوون.

دەمەوێت بنووم،
هاوشێوەی مەعشوقێکی لووت بەرز،
کە عاشقەکەی لەبەردەم ماڵەکەیدا
کۆڕی بێدەنگی و
فیستیڤاڵی دووکەڵی سازداوە.
دەمەوێت بنووم،
بۆ هەتاهەتایە چاویلکە کۆنەکەم فڕێ بدەم،
ترپەی دڵم وەک کاتژمێری ژوورەکەی باپیرم بوەستێنم و بڵێم:
ماڵاوا ئەی خۆشەویست!
ئەی ئەو کەسەی خۆشبەختی ژینمت لەگەڵ خۆت برد،
ئێستایش بۆنی پەنجەکانت لەنێو کتێبەکانم ماوە،
ئێستایش شوێن پێکانت لەسەر شەقامەکان بەجێماوە و سەیری دەکەم.

ئێستایش ئەو فلیمانەم لەیاد ماوە کە جێگەی تۆ سەیرم دەکرد،
چاوەکانم دەکرد بە چاوەکانی تۆ،
دڵم دەکرد بە دڵی تۆ،
لە باوەشی بێدەنگیدا نوقمی خەیاڵی تۆ دەبووم.

ئێستایش هاوشێوەی جاران،
لەسەر کورسییە شکاوەکانی چاوەڕوانم و دەرناکەویت،
پۆستەکان پڕن لەو نامانەی کە بە گریانەوە نووسراون،
کەچی نامەیەکی تۆی تێدا نییە!
چی لەم شارە پڕ وێنەیە بکەم کە وێنەیەکی تۆی تێدا نییە!
ئاهــــ ئەی خۆشەویست،
ئیدی لەم شارەدا دڵخۆشیش پیاوی خۆی دەوێت!