فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر

ناسک نەسیری
شاعیر، بەلجیکا

……………

 

تۆ ئەی یار ئەو شەرابە ئاڵەی
لەگەڵ یەکەم پێکدا
مەستم ئەکەیت
مەستبوونێک چاوەکانم لە ڕوانینت ئەبڵەق دەبێت
مەست بونێک
تا باخچەکانی نێو
پرچە کاڵ و زەردەکەت
تا ڕوانینی سنەوبەری باڵات
تامی ماچی هەنگوینیت
تا
لە بناری سەروگەردن
تا شۆڕبوونەوە
بە گەڵاڵەی ئارەزووەکانتا
تا سەماکردن لەگەڵ ژەنینی
ئەو مۆسیقا ئەفسوناویە
کە ڕۆحم ڕادەژەنێ
تا بارانی ڕاموسانم لە گەردنت
کە دڵۆپ دڵۆپ ئەبارێت
تا
خواردنەوەی هەناسەیەکی گەرمت
تا توانەوە لە ژێر
نیگای چاوە کاڵ و سەوزەکانت
ئەی یـــــــار
تا
ئاشتبونەوەی دوای زیز بونت
لە یەک باوەش گرتنت
شەرمی لە ڕو دابڕاندوم
ئای چەند مەستم بەو شەرابە ئاڵ و سورەی
کە ڕەنگی خۆێنتی گرتوە
لە ئامێزی گوڵە وەنەوشەیتدا
سەرخەوی پێم شکاندوە
دەسا ئەی یار لێم گەڕێ
با بتۆێمەوە لە باوەشتدا
وەک بارانی پایزی دێروەخت
چۆن ڕۆ دەبێت بە زەویدا .