ناسک نەسیری
شاعیر، بەلجیکا
……………
لەسەر چرپاکەم ڕاکشاوم
چاوم لە پەنجەرەی ژوورەکەیە
بایەکی فێنک دڵی پڕ دووری تۆم بۆ ڕادەژێنێ
ئەو پەنجەرەیە هەزاران جار
چاوەشارکێی حەزم لەگەڵ کردووی
هەزاران جار
دەستم بە گەردن و زوڵفەکانت تینوێتیان دەشکا .
ئێستا لەم پایزە کورتەی تەمەن تەنها
یادەوەری و گەڵا زەردەکان
ساڵەکانی نێوان تەمەنمان دەژمێرن
کە یەکترمان تێدا ون کردبوو…
ئۆقرەم نەماوە
لە ڕاکشان
هەڵدەستم
دەڕۆم
دێم
هەر چاوەڕێم
جارێکی تر لە پەنجەرەکە بدەی
بڵێ ی دەرگای خۆشەویستیت بکەوە
چاوەڕوانم
بە بێدەنگی ئەم سروە بایە
کە ئارامی لە هەناوم نەهێشتوە
چاوەڕوانم
پەروانە زیوینەکەی من
چاوەڕوانم .

