کازیوە مەریوان
شاعیر
………….
هەندێک ئازار نابن بە وشە، نابن بە دێڕ.
لە هیچ چەمکێکدا جێگەیان نابێتەوە.
نابنە گۆرانی، نابنە هۆنراوە،
لە لاشە دەرناچن و نایەنەگۆ..
لە هیچ بیردۆزێکانین،
لە هیچ ڕۆمانێکیشدا ئاماژەی پێنەکراو.
هیچ نووسەرێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا نەیگوتوون.
هیچ هاوارێک دەریان ناهێنێ…
وەک جادووی ڕەش وان، بەتاڵ ناکرێنەوە.
ناکرێن بە مۆسیقا
ناکرێن بە تابلۆ
لە ئەتۆم بچوکتر و لە گەردوون فراوانترن
هەندێ ئازار نایەنە سەرزار…
کە پرسیان: بۆچی وەهای؟
ئەبێ بڵێی: بەڕاست؟! پێموایە تۆ وا ئەمبینی..
لە ڕاستیدا، ئەمە ئەو کاتەیە کە ئیتر هەوای ژوورەکەت، ماڵەکەت، شارەکەشت بە هەناسەی تۆ تەنگە!
تەنگتر لەو پێکەنینەی بۆ گەرووی تۆ نابێ…
نامۆتر لەو دڵخۆشییەی جارجار بە تەنیشت تۆدا گوزەر ئەکات و نازانی ئاخۆ واتای چییە!
ڕۆژەکان هیلاکت ئەکەن و بەڕاستی تێئەگەی ماندوێتی لاشە سەدان هێندە خۆشترە لە شەکەتی ناخ!
من نازانم تاکەی بە ڕۆڵی سەرەکی بەشداری ئەم فلمە تراژیدییەین.
هەموو شەوێ چیرۆکی خۆکوژییەکی نوێ دادەنێین و ئەبێ لەو بەشەدا ڕۆڵێک بگێڕین.
دڵنیام ژیان درۆیەکە و هەرکەسە و بە دڵی خۆی هاتووە و دەستخەتی خۆی لەسەر تاقی ئەکاتەوە.
دونیایەک وشەی جوانی تێدا ئەنووسێ تا وەک کتێبێکی پیرۆزی لێ بێت…
هێندە لە خۆم دابڕاوم تاقەتی سڵاوکردن لە خۆشم نییە!
بەم دواییانە جارێک لە کۆڵانێکی تەنگدا بە خێرای بەرخۆم کەوتم دوای بیست هەناگاو لە دوورکەوتنەوە خۆم بیرکەوتەوە.
لەم سەردەمە ساردوسڕەدا هەمووشتێک بەستوویەتی.
کەس ئەو مەسیحە نابێنی کە لە ناخماندا لەخاچ دراوە.
هەمووان سیزیڤ ئاسا، بەردەوام خەریکی خولانەوەین بەو هەموو بارەوە
بە دوای پەنایەکدا ئەگەرێین کەمێک بمانهێنێتە پێکەنین، بمانگەڕێنێتەوە بۆ خۆمان.
هیچ کەس تاقەتی پێنج خولەک گوێگرتن لە ویتری نیە !
جگە لە عابیدەکان کەس باکی بە فووکردن بە کەڕەنا دا نییە.

