پاشای باران
شاعیر
………..
سیگارێک بە تەواو چێژەوە
دوابەدوای پیکێک و
ئەوەی ئێمە بەشێکین لە جیهان یان نا
تەنیا بڕیارێکە.
هەتا چاو هەتەر کا
شەقام و بینا بەرزەکان
خواردنگە و تام و بۆنە جیاوازەکان
جلەکان و پێڵاوکان و مارکە ڕەنگاڵەکان
بیرمەندەکان، سیاسەتوانەکان،
بازرگانەکان، دەڵاڵەکان
پاساوە یەک لەدوای یەکەکان و
ئەو خەڵکانەی دەژین هەتا بمرن و
گرینگیش نییە چۆن!
هەر بەڕاست!
بۆچیش دەبێ گرینگ بێ؟
هێندێ جار بە خۆم دەڵێم:
ـ ئێمە خۆمان گۆڕستانێکین،
گۆڕستانێک لەو خەڵکانەی
بەر لەوەی بمرن
ئەوانمان لە خۆدا ناشتوون
ڕێک چەشنی ئەو بڕوایانەی وا
چیتر هیی ئێمە نین.
ئێمە لە شەڕەکان دەچین
تەنانەت کاتێک هەمووان
وا دەزانن تەواو بوون
بەڵام دیسانیش بەبێدەنگی درێژەیان هەیە،
لەبەر ئەوەی ئێمە دیسانیش
خوازیاری شتێکی نوێی ترین.
جیهان بازنەیەکە لە بێهوودەیی
کەوا لەودا
هەر بەتەنیا کەرەستەکان دەگۆڕێن
ئەو کەرەستانەی سەرقاڵمان دەکەن
هەتا لەبیرمان چێ
خەریکین لەسەرەخۆ ڕووەو مردن دەڕۆین و
ئێمە دەبێ هەڵبژێرین.
پیکێکی تر
سیگارێکی تر
بڕیارێک و
من کەسێکم لە خۆما کوشتووە
ئەو پێی خۆش بوو درەخت بێ
بەڵام من ئێستە دەبێ “با” بم.

