فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جگەرەکەت مەکوژێنەوە

بۆ: شێرکۆ بێکەس
ھیوا قادر
شاعیر، سلێمانی
……………….
جگەرەکەت بنێ بە لێوتەوە
جگەرەکەت لە مەرگیش لێت نزیکترە؛
لە مەرگ و جگەرەش
نزیکتر لێتەوە
کوردبوونە.
تۆ بە ڕێی باریک و دەزوولەیی دوکەڵی جگەرەکانتدا
بچۆرەوە سەر چیرۆکی
ئەو ئاگرانەی
لە کورد و لە خاک و شینایی هەڵدەستان.
جگەرەکانت مەکوژێنەوە،
هێشتا جەنگ زۆرن بەڕێوەن و نەگەیشتوون،
هێشتا کورد زۆرن لەدایک نەبوون و
لە جەنگە دەستکردەکانی تردا نەکوژراون،
هێشتا پیلان زۆر و غەدر زۆر و
فرمێسک زۆر.
جگەرەکانت مەکوژێنەوە،
لە چەقۆی ناو دڵ
شمشێری چەقیوی ناو پشت،
لێت نزیکتر جگەرەکەتە،
جگەرە بە دەم جگەرە دابگیرسێنە
هێشتا کورد زۆرن
هێشتا خەم زۆرن
لە کوێیەتی…
جگەرەکەت مەکوژێنەوە.