نەبەز گۆران
نووسەر، سلێمانی
……………….
بەدوای پرسی دیكەدا دەگەڕام، كتوپڕ كەوتم بەسەر پرسێكی دیكەدا، كە جێگای سەرنج بوو. زیاتر لە پێنج هەزار و پێنج سەدساڵ بەر لە ئێستا، لە خوارووی میزۆپۆتامیا، حەكیمەكانی سۆمەری، ئەزموونی پرسێكی سەرنجڕاكێشیان كردووە.
ئێمە بە حەكیم ناویان دەهێنین، چونكە زۆرجار بە ڕاهیب، ئەستێرەناس و، تەنانەت جادووگەریش ناویان دێت، چونكە كۆمەڵێك ڕەچەتە دەخەنە ڕوو، گرێدراوی پرسی جادووییە، بەڵام ڕیشەی ئەركەكە لەناو سەردەمی گوندنشینی زاگرۆسەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوارووی میزۆپۆتامیا، بنەڕەتی ئەركەكەیش: لە دایكەكانەوە بەرهەمهاتووە، هەر ئەمەیە تاكوو ئەم چڕكەساتە ڕستەی:”ژنی جادووگەر” شوێنی خۆی لە كولتووری گەلانی میزۆپۆتامیا چۆڵ نەكردووە.(لێرەدا بەدوای ڕیشەی ئەركەكەدا ناگەڕێم.)
ئەوەی سەرنج ڕادەكێشێت، حەكیمەكان ئەزموونی بۆن دەكەن. لە ئەزموونەكانیانەوە، دەگەنە ئەو جێگەیەی ئەم ڕستەیە بڵێن: “خۆشترین بۆنی دونیا، لەناو منداڵدانی دایكدایە.” لە پشت ئەم تێگەیشتنەوە، بەڵگاندنیان پیشان دەدەن. دێن لەسەر منداڵی تازە لە دایكبوو شرۆڤە دەكەن، دەیانەوێت لەو بۆنە خۆشە تێبگەن منداڵ لە كاتی لە دایكبوونییەوە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت. شرۆڤەكانیان جیاوازن، هەندێكیان پێیانوایە: پەیوەندی بە پێستی منداڵدانەكەوە هەیە، كە توانای بەرهەمهێنانی بۆنی هەیە، هەندێكی دیكەیان گرێی دەدەن بە ئاوی ناو منداڵدانەوە، بەڵام كۆكن لەسەر ئەوەی، هیچ بۆنێك هێندەی ئەو بۆنە خۆش و درێژخایەن نییە، لە منداڵدانی دایكەوە دروست دەبێت.
كاتێك بۆنەكە دەخەنە ژێر ئەزموونەوە بۆ ناو دونیا، شرۆڤەی دیكەی بۆ دەكەن. بە پێی تێگەیشتنی ئەوان، منداڵ چل ڕۆژ هەڵگری ئەو بۆنەیە لە منداڵدانی دایكەوە دەیهێنێت! نەریتی_چلەی منداڵ_ لەو كولتوورەوە سەرچاوە دەگرێت، حەكیمەكان و دایكەكانی پێشینەی سەردەمی گوندنشین دایدەهێنن.
كاتێك دەڵێن: “لەو چل شەوەدا، منداڵ تێكەڵی شوێنی دیكە مەكە، با بەبۆنەوە نەچێت.” بڕوایان وایە: منداڵ دەبێت بەو قۆناغی چلەدا تێپەڕیت، تا وردە وردە لەو بۆنە سروشتییەی ناو منداڵدانی دایكی تێدەپەڕێت و بەر بۆنی دونیا دەكەوێت. یانی: ئەزموونەكەیان دەریدەخات، بەركەوتنی منداڵ پێش ئەو چلەیە بۆ بۆنی دونیا، تووشی لەرزینی دەكات و نەخۆشی دەخات، چونكە بۆنی دونیا لەوە بەهێزترە منداڵ پێش چلە بتوانێت هەڵگری بێت! شرۆڤەیەكی دیكەیان هەیە، پێیان وایە: دوو منداڵ لەو چلەیەدا بەریەك بكەون، بەهەمان شێوە وەك بەركەوتنی منداڵەكەیە بە بۆنی دونیا! ئەشێت ئاوا سەیری بكەین، دوو بۆنی چلە سەرلێشێواندن دروست دەكات بۆ تەندروستی منداڵ، بە دیوێكی تردا، گەر یەكیان قۆناغی چلەی بڕی بێت، هەڵگری بۆنی دونیایە و ئەمیتری منداڵ زۆر زوو وەری دەگرێت، چونكە منداڵە و ئاسان بۆنی ئەویتری منداڵ وەردەگرێت. ترسیان لە بۆن، ترسێكی تەندروستانەیە بۆ منداڵ، پاراستنی منداڵ بە بۆنی منداڵدانی دایكەوە لەو چلەیەی بۆیان داناوە، گرێدەدەن بەوەوە، منداڵ هزری بینینی هێندەی هزری بۆنكردنی بەهێز نییە و ئەوەی شۆكی گەورەیە بۆ منداڵ، بینینی دونیا نییە، بەڵكو بۆنكردنی دونیایە!
ئەم ئەزموونانەی حەكیمەكان، دیوێكی دیكەی بۆنی منداڵدانی دایك گرێ دەدەن بە _شەو_ەوە. یانی: دوای چلە، لە شەوی كۆتاییدا ئەو بۆنە دەڕوات و منداڵەكە ئیتر بە بۆنی دونیا ئاشنا دەبێت و دوور دەكەوێتەوە لە بۆنە سروشتییەكەی دایكی!(ئێمە نازانین لەڕووی زانستییەوە ئەم پرسە چۆنە، تەنها دیدگای دێرینەكان لەسەر بۆنی منداڵدان و دایك، دەخەینە ڕوو.)
شەو بۆ ئەوان، شوێنی ئاڵوگۆڕە. ئەشێت ئەم ئەزموونە پەیوەندی بە خۆرو مانگەوە بێت. لە دیدگای دێرینەكاندا، خۆر هێمای نێرە، ڕۆژ هەڵگری ئەو هێمایەیە، بەڵام شەو، چونكە ئەستێرە و مانگی تێدایە و هەردووكیان هێمان بۆ مێ و دایك، پڕۆسەی گۆڕانی بۆنی منداڵەكە لە بۆنی منداڵدانەوە بۆ بۆنی دونیا، لەو چركەساتەدا ڕوودەدات، كە جارێكی تر دایك لە ئاسمانەكاندا دەركەوتووە.( ئەستێرە هەمیشە هێمای دایك بووە، مانگیش هەتا هاتنی لاوژەی مەردۆخی بابلی، هێمای دایكە. پاش ئەو لاوژەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە لای بابلییەكان، بەڵام لە ئەدەبیاتی گەلانی میزۆپۆتامیا، مانگ و ئەستێرە هەر لە شوێنی خۆیان بە نەریتە سۆمەرییەكە ماونەتەوە و هێمای ژن و دایكن و ئەدەب بەگشتی ئەم دوو هێمایەی لای ژن هێشتووتەوە.)
هەڵبەتە ئەوان بە پێی ئەزموون ئەم پرسەیان شرۆڤە كردووە، هەندێك دیدگای دیكە پیشان دەدەن كە بۆ ئێستای ئێمە كۆمدییە، بەڵام ئەشێت لە ڕابردوودا بە ڕژدی وەرگیرابن، هەرچۆنێك بێت، گەیشتوونەتە ئەو جێگایەی: خۆشترین بۆنی دونیا لە منداڵدانی دایكدایە و، درێژترین بۆ ماوەیی بۆنە، كە چل ڕۆژ بە منداڵەكەوە دەمێنێتەوە و تەنها لە ڕێی جەستەی ئەویترەوە بۆنی دونیا وەردەگرێت! نازانین لەو سەردەمەدا ئەو بۆنەیان دروستكردووە یان نا، بەڵام دەزانین، نەریتەكەیان لەسەر بۆنی منداڵ و بە بۆنكەوتن، هێشتا لەناوماندا ماوە و دایكەكان بڕوایان پێیەتی.
_تێبینی: ئەمە تەنها سەرنجێكی كورتی ئەزموونی حەكیمەكانی میزۆپۆتامیاییە، لەسەر بۆن لە منداڵدانی دایكدا.

