فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“شیعر، لە دیدی منەوە”

جەمال حەمید
شاعیر، ھۆڵەندا
…………….
شیعرێک
مۆسیقای گریانی
خونچە و خاک و
زارۆک و ژن!
لە دێڕەکانی نەچۆڕێن
وشەکانی نابن بە هەنگ
لەگەڵ گوڵدا سەما ناکەن
 ناسازن ستران و ئاهەنگ!
شیعرێک
 غەمی نان و ئینسان
فەرامۆشکات
ئەوین، نەکات بە پەیام و
نەفرەتێک نەنێرێت بۆ جەنگ
گەرووی نووستوی ئازادی
 نەهێنێتە دەنگ!
ئایین، نەداتە بەر ڕەخنە و
قوفڵ نەدات
لە زمانی پیاوی دەبەنگ!
خاترجەم بە،
 هەنگەزەردەی پەیڤەکانی
دەمرن بێدەنگ!
شیعرێک
 هەموو وشەیەکی
بۆ ستەمکار،نەبێ بە زەنگ!
بۆ دوژمن، نەبێت بەتفەنگ!
لەگەڵ برسیدا، هاوسۆز نەبێت
لەگەڵ باڵندە، هاوئاهەنگ!
پێم چاکە،
بێدەنگ بێت، بێدەنگ!
شیعرێک
ئاگر بەرنەدات لە
 جەستەی جەنگەڵی سامناکی
 قین و یەقین!
پێدەشتی ڕۆح کەسک نەکات
بە تۆویی چاوشینی ئەڤین!
دەبێت ئێمە لە ئەسوونی
بە گومان بین!
٢ی ئۆگێستی ٢٠٢٥