ھاوڕێ ڕەش
شاعیر بەریتانیا
………………
دەمەوێت
نامەیەکت بۆ بنووسم و بەدەستت نەگات و
نەشی خوێنیتەوە
مرۆڤ زۆرجار نامۆدەبێت بە هەموو شتێک
لەوەیە
قسەی ناو فیلم و گفتوگۆی ناو شیعرو
دێڕێکی ناو تەنیایشم
هەمان واتایان هەبێت واتا نامۆبوون،
کەس بە قسەی قەڵەو قەڵەو
دڵی بارانی پێ خۆش نابێت
کەس ناتوانێت ڕۆحی پایزێک ئاشت کاتەوە بە گەڵای درەختەکانی
کێ هەیە تێبگات زستان بۆ ئاوس دەبێت بە بەفرو
بەهار خەریکی زانی منداڵێکە بەناوی سەوزایی ؟
بۆیەش
من لەم جیهانە گەورەیە غەریبم
ئەوەندە غەریبم
کە ئێوارەیەک داهات بیر لە دەنگی شەو نا
هی تاریکی دەکەمەوە
کە سپێدەیش داهات بیر لە ڕووناکی و خۆر نا
لە تۆ دەکەمەوە
تۆیش دێیت دەپرسیت
ئەکتەری ناو فیلمەکان قارەمان نەبوون
بۆ هەڵەخەڵەتاندنی تۆ ڕۆڵیان دەگێڕا
نوقتە

