فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆنی مازووی سنوبەرەکان

دکتۆر شادان عەلی
نووسەر و نيگارکێش
سلێمانی
……………………………..
سواری ماشێنەکە بووین و ڕۆیشتینە ئەودیوی بازگە، لەودیوبازگەکەوە شەقامێکی پێچاوپێچ هەبوو، یەکێک لەپێچەکانی لێژ دەبۆوە بۆ ناو دێکە. منیش لە ماشێنەکە دابەزیم و بەرەو دێکە ڕۆیشتم،
دێکە سروشتێکی بەهارانەی سەرنجڕاکێشی جوانی هەبوو،  دۆڵ و شیوێکی  قوڵی لێوە نزیک بوو، بەناو شیوەکەدا جۆگەلەیەکی تەنکی بەخوڕ بەدرێژایی دۆڵەکەوە دەڕۆیشت.
سێبەری دار قەڵەم تۆزە باڵابەرزەکان چەمەکەیان داپۆشیبوو،  چنارەکانیش بەقەراغ  چەمی شیوەکەوە بەرز بوو بوونەوە، چڵوچێویشیان لەیەکتر گیرکردبوو.
لەدوورەوە دەنگی قیڕەی قەلەڕەش دەهات،  دەنگەکەی ناخۆش بوو ، هەستت  بە ترس و دڵتەنگی دەکرد، جگە لەوەی  ڕەنگی قەلەکەش ڕەشە، زیاتر  هەستت بە چۆڵەوانی دەکرد و  لێی دەترسایت.
لەنزیک قەدپاڵی ئەم دیوی چیاکەوە، لەخوار دێکە خانووێک بەبەرد هەڵچنرابوو،  سەقفەکەیان بە گڵ دروستکردبوو، ژێر گڵەکەش بە دارچنار داپۆشرابوو، چنارەکانی ناوچەمەکەیان بڕیبۆوە و بەکاریان هێنابوو.
سێبەری چیاکەش باڵی بەسەر  خانووەکەدا کێشابوو، کەشەکەی فێنک بوو،
پیرە دارهەنارێکیش ڕووا بوو لەبەردەم خانوەکەدا.
دار هەنارێکی بەتەمەنیش لە حەوشەی ماڵەکە ڕوا  بوو، چڵەکانی پرژوبڵاوبوون و گەڵاکانیشی وەریبوون، هەناری دارەکە قڵیشابوون و دەنکەکانیشی وشک هەڵاتوو بوون، لە قەدی دارەکە چڵێکیان بڕیبووەوە. سۆنەدەیەکی پڕتقاڵیان تۆپەڵ کردبوو، بە چڵە بڕاوەکەوە هەڵیانواسیبوو.
ئەولاتر  شوێنی کوژاندنەوەی ئاگر بوو، سێ بەردیان بەدەوری ڕەشاتییەکە دانابوو،  دیاربوو وەکو سێکوچەکە بەکاریان هێنابوو بۆ مەنجەڵە گەورەکان. مەنجەڵەکان فافۆن بوون، دیوی ناوەوەیان سپی و دیوی دەرەوەیشیان  بەقوڕ سواق درابوو، دووکەڵی ئاگرەکەش ڕەنگی قوڕی مەنجەڵەکانی ڕەش کردبوو.
ڕوون نەبوو چیان کوڵاندوە، بەڵام مەنجەڵەکان خاوێن کرابوونەوە، بەسۆندە پرتقاڵیەکەش  خۆڵی دەوروبەرەکەیان  ئاوپرژێن کردبوو.
 تەنوورێکم بینی بە تەنیشت کەڵەکە بەردەکانەوە، سەری تەنوورەکەش بە پارچە لەوحێک داپۆشرابوو،  بەرچینەیەک تەماتەی لەتکراوی لەسەردانرابوو.
تەنافیان بەتەنووربانکەوە ڕاکێشابوو، ئەو بامێیانەی کرابوون  بە دەزووەوە کردبوویان  بە تەنافەکەوە  بۆ وشککردنەوە.
 بەرەو  چەمەکە لێژبوومەوە، هەتا کەمێک ئاوی فێنک بکەم بە دەست و دەموچاومدا.
ڕۆیشتم و لەنیوەی ڕێگاکە کەنیشکێکم بینی،  مەشکەیەکی  پڕ کردبوو لە ئاو، دەمی مەشکەکەی توند بە گوریسێکەوە گرێ دابوو، مەشکەی لەسەر سەری دانا بوو، ئاو لە دەمی مەشکەکە دەچکا و  زوڵفی ژێر سەرپۆشەکەی و  شان و ملی تەڕکردبوو،  لەسەر توولەڕێ خۆڵاوییەکەی چەمەکە بەرەو لای من دەهات
گوتی :
تۆ زیارەتگەری؟
گوتم :
نەخێر بەڵکو لەبەر گەرما هاتمە ئێرە تا هەناسەیەکی فێنکی کوێستان هەڵمژم دوور لەجەنجاڵی و گڕەی شار.
دەستی برد هەتا مەشکەکەی لەسەر سەری دابگرێت، منیش لەداگرتنیدا یارمەتیم داو  پێکەوە دانیشتین.
گوتم :
هەر خۆتی  یان لەخوار چەمەکە کەسی تریشی لێە؟
گوتی:
هەر خۆمم ناوم سوهایە.
کەمێک پێش ئێستا منداڵێک لەدێکەمان ژەنگە سوورە پێوەی دابوو،  حاڵی پەرێشان کردبوو،  دەگریا و لەئازاردا بەرزدەبۆوە.
باوک و دایکی منداڵەکەیان خستبووە سەر تراکتۆرەکەیان و دەیان بردە نەخۆشخانە.
دایکیشم کەبەم شێوەیە  ئەوانی بینی، لەگەڵیان ڕۆیشت.
هەفتەی پێشوو ئێمە گەنمان دەکوڵاند بۆ ساوەر، هێشتا ڕەژووی شوێنی کوڵاندنەکەی لەسەرەوە دیارە.
لەدڵی خۆمدا گوتم:
دیارە مەنجەڵەکان دانولەیان لەناودا کوڵاندوە.
سوهاش درێژەی بەقسەکانی دەدا و لەگێڕانەوە بەردەوام بوو دەیگوت:
دوای کوڵاندن، گەنمەکەمان  لەو تەختاییە بڵاوکردبۆوە لەبەر تیشکی خۆرەکە،  لەپاش چەند ڕۆژێک لە هەڵخستن و وشکبونەوەی گەنمەکە، باوکم فەردەی پڕ دەکرد لەگەنم و دەمی فەردەکەیشی توند گرێ دەدا.
پاشان کلکی بێڵ یان خاکەنازێکی  بەدەستەوە دەگرت، بەهەموو توانایەوە  لەفەردەکەی دەدا، هەتا توێکڵی گەنمەکە لە گەنمەکە جیابکاتەوە.
باوکی ئەو منداڵەی کە ژەنگە سوورەکە پێوەیدا، هات و یارمەتی باوکمیدا، لەکوتانی گەنمی ناو فەردەکان.
بۆیە دایکیشم  لەگەڵیان چوو، هەتا یارمەتیان بداتەوە.
سوها گوتی :
هەڵستین و بڕۆین بۆ ماڵەوە.
لەماڵەوە میوەم کردۆتە ناوبەفر گرەکە، لەم  گەرمایەدا  بیخۆین فێنکمان دەبێتەوە.
سوها دەرگای خانووەکەی کردەوە، ناوماڵەکەیان سادەبوو، بەڵام زۆر دڵگیر، هێشتا دۆڵابی دەستگیرانداری نەنکیان  مابوو، دۆڵابەکە لەتەختە دروستکرابوو، پڕیان کردبوو لە مێوژ و قەیسی وشکراوە.
کۆمەڵێک دار سنەوبەر بە قەراغ  گردەکەی ئەوبەر  خانووەکەوە ڕووابوون.
ئای بیری بۆنی سنەوبەر دەکەم
حەزم دەکرد  لەنزیکەوە  چڵ و  مازووی سنەوبەرەکان بۆن بکەم.
کە   کۆترە  قومریەکانیشم دەبینی وەکو دەنکی تەزبیح بەسەر  تێلی ئەو  عاموودە کارەبا مۆلیدانەی کە لەناو دار سنەوبەرەکانەوە  ڕاکێشرابوون  بۆ  ناو دێکان،  هەڵنیشبوون بەتەنیشت یەکترییەوە،.
لەکاتی هەڵفڕیندا  پەڕی  باڵەکانیان دەکردەوە و سەرنجیان ڕادەکێشای،   سەرباڵیان ڕەنگێکی تۆخی هەبوو، ژێر سنگ و باڵ و کلکیشیان  بۆرێکی  کاڵی مەیلەو  سپی بوو.
 تیشکی هەتاوەکە و سێبەری چڕی مازووی دارەکانیش  چێژێکی تایبەتیان دابوو بەو سروشتە.  لە تەماشاکردنی ئەم دیمەنە تێر نەدەبوویت.
 ئێوارە  پێش بانگ  قومریەکان خوێندیان، گمەی کۆترەکان  خەیاڵەکانمی برد بۆ ماڵی داپیرەم، هیوایان دەخستەوە بە بەر ژیاندا.
هاوینێکی گەرم و تاقەت پروکێنەر لە ماڵی سوها بووم، چوومە ناو موبەقەکەیان، لەسەر تەباغەکە تاوەیەک دانرابوو، پڕکرابوو لە تەماتەی قاژکراو، بۆ سوورکردنەوە، ئاگری ژێر تاوەکەش هەمووی کرابۆوە.
دڵم چوو بووە سەر قاوە، ئاوەکەم گەرمکرد و قاوەیەکی تاڵم بۆ خۆم دروستکرد.
لەسەر کورسیەکی ناو موبەقەکە دانیشتم و هەر بەتاڵی خواردمەوە.
لەولاشەوە دوو سندووق تەماتە دانرابوون، دیاربوو  باوکی سوها  پێشتر هێناویەتی، چونکە دەیزانی وەرزی وشکردنەوەی تەماتەیەو لەم وەرزەشدا  بەرهەمی تەمامەش زۆرە.
 تەماتەکەش ڕەنگی  زەرد و خوارەوەیشی پرتەقاڵی و سوور تێکەڵ ببوون، تامێکی ترش و ناوێکی ئاودا