نەجات ئەحمەد
شاعیر، ھەولێر
…………….
وەک هەناسەی بەستووی پیاوێکی شکاو بەنێو گەرووی کون کونی نەیدا دێم و دەچم
وەک تاشە بەردێک بە بەرپێی چیاوە، مژ و غوبار چاویان بەستووم
بە ژانم، وەک خاک کە سنوری بۆ دەکێشرێ، وەک
درەخت کە سەر دەبڕدرێ
وەک شاخ کە دادەڕمێ، وەک شەو کە ڕادەکشێ و دڕژێتە ناو خۆیەوە.
ئێشم گرمەی دێ، وەک هەور کە دەگری، وەک تۆپ کە بە دێهاتی سوتاوەوە دەنرێ
خەونم کزەی دێ، وەک جەرگی دایک، وەک شەوبا کە ڕێی لێ بزر دەبێ
درەخێکی ڕق ئەستورم بە هەڵدێری سەختی ژیانەوە، وا تەوری ئێش بەرمدەداتەوە.
من بەردێکی پیرم بەسەر ڕووتەنی ژیانەوە؛ لافاو نا، تنۆک تنۆک تەنیایی ڕامدەماڵێ
دەچم، گەر سەد بێستونیش بێنە ڕێم، ڕەنجی فەرهادێ وا بەشانمەوە
دەچم، گەر وەک هوجام سەریشم دانابێ، عیشقی نیشتیمانێکی لەت و پەت وا بە کۆڵمەوە
دەچم و کاکۆڵم بەسەر زەویدا ڕامدەکێشێ، من بە سەر دەچم و هەر بەسەرناچم.
دەڕۆم و مکوڕم لەسەر سۆزەکەم، دەڕۆم و دەبڕم زەمەندی پان و پۆڕ
دەڕۆم و سەدان گەوە جێ دێڵم، بستووی شاخان ئاوا دەکەم تا دەگەمە پۆپە
دەڕۆم یان دەگەم یان وەک مەلێکی تەرە و کەلەلا لە نساری کێوێکی تەنیادا هێلانەی خۆم چێ دەکەم.

