فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەلهەلەی ژان!

م .نادم
شاعیر، سلێمانی
…………………
سەیری باخچەی حەوشەم دەکرد
گوڵ لەگەڵ با، سەمای دەکرد
ئەم دیمەنەم بینی دڵم
داوای ڕووی وەک چرای دەکرد
هەلهەلەی ژان دەستی پێکرد
لە سینەی پڕ ئاه و داخم
هەرچەند ڕووم کردە دەشت و کێو
ئارامی نەهات بۆ ناخم
ئیتر سەیری باخچەش ناکەم
بێزاربووم لە غیرە کردن
هەموو ئەو ئاواتەی هەمبوون
هەنگاویاننا بەرەو مردن
شەوان ڕووەو ئەو شارەی تۆ
چاوم لێکدەناو دەخەوتم
لەخەونیش لەتۆ دەگەڕام
لەبەرزی بۆ خوار دەکەوتم
بێ تۆ شین و ناڵینم کرد
کەچی تۆ هەر پێت نەزانی
ناچار کە خەم لە دڵ ئاڵا
ڕێ دەگرم بۆ سلێمانی.
ئەو شارەی کە جێی ژووان و
شوێن پێی پیرۆزی تۆی لێیه
هەرچەندەش بۆم بەردەڵان بێ
لای من گوڵزارە ئەو ڕێیه
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ.