فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵبژاردەیەک لە (قەسیدەی خولگەکان)ی ئەدۆنیس

کوردییەکەی: زانا خەلیل
شاعیر، ھەولێر
………………….
۱
ژیان
لە ماڵێکی گەورە
کە مەرگ پاسەوانییەتی
لەسەر کورسییەکی دێرین دادەنیشێ.
مەرگ
لە ماڵێکی بچووک
کە بەشی هەنگاوێکی ژیان ناکا
لەسەر کورسییەکی نوێ دادەنیشێ.
دەی کوانێ کێشە؟
۲
ئەو عاشقەی کە لەسەر
قەروێڵەی برینەکانیدا دەخەوێ
هەرگیز خەبەری نابێتەوە
ئەوکاتە نەبێ
کە خۆی بە عاشقی
لەسەر قەروێڵەیەکی دیکەدا دەبینێتەوە.
۳
ئاسان نییە مرۆڤ
قۆناغی منداڵیی تێپەڕێنێ
دەکرێ پیربێ و
هێشتایش هەر منداڵ بمێنێتەوە.
ئەگەر دەتەوێ بگەیتە
قۆناغی پیاوەتی
پێوستە بژیت و
بیر بکەیتەوە و کار بکەیت و
بێجیاوازی هەموو شتێ
ئاوێتەی هەموو شتێ بکەیت
جا راست دەبێتە چەپ و
رووناکیی بە تاریکیی و
دواوە دەبێتە پێشەوە
یا بە پێچەوانەوە..
هەر بەڕاست دەتەوێ
منداڵیی تێپەڕێنی؟
یا خەون بەوە دەبینی
دەرزی رووگەی
ئەو کەشتییە چرادارە
لەسەر کەفی گومان بشکێنی
کە ئێمە پێی دەڵێین: زەمین.
٤
بەڵێ،
کەس جگە لە خۆی
ئازادیی بۆ کەسیتر ناوێ
نا بۆ ئەوەی ئازادتربێ
بەڵکوو بۆ ئەوەی
توانایی بۆ دوورکەوتنەوە زیاتربێ.
٥
قۆناغێکی دیکەی
فێربوونی زمانەکان..
ئێستا فێریان دەبین
نا بۆ ئەوەی زیاتر
گەردوون بناسین و
نهێنییەکانی ئاشکراکەین
فێریان دەبین
تا بتوانین لەگەڵ
شتە نەبینراوەکان بدوێین و
باش لەو دەنگ و وشانە تێبگەین
کە لە گەرووی مەلەکانی
دنیایەکی دیکەدا دێنەدەر
هەر ئەوەشە مەرجە یەکەمەکان
تا بزانین چۆن
حاڵ و گوزەرانی ئاسمان
تەرجەمە بکەین و
چۆنیش بتوانین لە زەمیندا
لەناویدا بژین.
٦
_بە دەنگێکی نزم بدوێ.
_هێشتا لەوە نزمتر؟
_بەڵێ، گەرنا
تۆ بەوە تاوانباریت
کە سزای فەزا دەدەیت.
۷
مەلەکان
بە قوڕگەکانی
خۆیانیان گوت:
عینادی مەکەن
بڕیارماندا
واز لە گۆرانی گوتن بێنین.
۸
لە بارەی خۆرەوە مەنووسە
ناوی چۆتە
نێو لیستی قەدەغەکراوان.
۹
جارێکیش خەونی نەبینیوە
کە خەون گەڕانەوەبێ.
هەمیشە خەونی بینیوە و
خەون دەبینێ
کە خەون سەفەربێ.
۱٠
ئەگەر  مەبەستتە
بەوە بڕوام پێبێنی
کە با دەیڵێ
ئەوە بورهانەکانت
لەسەر ئاودا بنووسە.
۱۱
ئەو شانۆگەرییە درێژەی
ئەمڕۆ لە سەرزەمینی عەرەبیدا
تەمسیل دەکرێ
بۆ ئەوە نییە
چۆن رووناکییەکی نوێ دابهێنین
بە پێچەوانەوەیە
بۆ ئەوەیە چۆن
هەموو رووناکییەکان
بکوژێنینەوە.
۱۲
ئایە بەرەو پێشەوەچوونی
رووداوەکان بەسە تا بگوترێ:
بە فەزڵی بەهاری عەرەبی؟
بە تایبەتیش
کە مرۆڤەکان لەو ناوچە عەرەبیانەدا
رێگایەکن بەرەو ئومێدێک
کە هیچ رێگایەکی نییە.
۱۳
شاندێک لە هەڵۆ
دانوسان لەگەڵ فەزا دەکەن
بۆ لێکۆڵینەوە لە گۆڕانی
بەرەو دارستانی خوودە و
خەندەق و
جۆرەها چەکی لەناوبەر.
۱٤
دەڵێی: ئەو جەنگە جەنگی تۆ نییە
کەوایە بۆچی بەرانبەر
ئەو ماڵەی لێی لە دایکبوویت و
لە گۆڕەپانی ئەو شارەی
کە دەڵێی شارمە، دادەگیرسێ؟
۱٥
ئەو ئەستێرانەی لە سارادا
رێنیشاندەرمان بوون
تا بە یەک بگەین و
لە شەودا قسە بکەین
حیجابیان کرد و
برۆ و نینۆکی
دەست و پێیەکانیان
بە خەنەی تۆبە رەنگڕێژ کرد.
۱٦
بە تووڕەیی و گریانەوە گوتی:
بۆچی نازانین
جگە لە وێرانەیی و
ئەو قسانەی کە دەناڵێنن و دەگرین
هیچ شتێکی دیکە دابهێنین؟
_سەرچاوە: ئینتەرنێت