بێریوان مەحموود بەگ
شاعیر، فیلەندا
…………….
ئەی ئەو کەسەی
کە لە خاکی ئەرزی باوکمدا
لە ناو بێدەنگیی دڵمەوە
لە ئازارەکانی چاومەوە
دڵم لە دوورەوە دەتبینێ
تا شەو نەکەوتۆتە سەر ئەژنۆکانم
حەسرەت نەگەشتۆتە سەر ئێسکم
باڵی پەپوولەیەک نەشکاوە
باڵندەیەک کۆچی نەکردووە
مانگ شەرمی بەسەر ڕووناکیدا نەڕشتووە
گۆڕەکان تکەی بارانیان نەکردووە..
دامێنی کراسم لە دەمی گۆڕستاندا نەچەقیوە
تا من گۆڕم کۆدەکەمەوە
کفنم لە دەنگی ئایەتەکان نەئاڵاندوە
دەستت نەخستووەتە سەر گۆڕم
نوێژ لە باوەشی ئەهریمەندا نەشکاوە
گوڵەکان لە ئارەزووی هەستەکانتدا نەڕژاون
گوڵە ژاڵە لە تاو ڕۆڕۆیی برا نەمردووە و
خۆی تاڵ نەکردووە
تا پیری لە دەرگای ژینی دڵمی نەداوە
لە پێش چاوەکانمدا ون مەبە..
تا سکاڵام نەگەشتۆتە توڕەیی خوا*
تۆمار نەکراوە
گریان لە داوی تۆڕی چاوەکانمەوە نە ئاڵاوە
وەرەو تاڵەکانی قژم بژمێرە
لە زوڵفم سەرینێک بچنە
ببە بە ئاوێنەی خوا*
لە ناو بلوزەکەتدا بمپێچەرەوە
لە شیلەی لێوەکانتدا بمشارەوە
تا دەردت لە دەردم بێ و ئێشت لە ئێشم کەوێت
ئەو ئازارەی نێوانمان ئاشت بکەینەوە
بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێیتەوە
ژێر سەرینەکەم پڕ پڕکەم لە ڕۆحی تۆ .
٢٧/٧/٢٠٢٥

