بەناز کاوێس ئاغا
شاعیر، سوید
……………
لە شەقامەکەمان
دارێکی تاقانە هەیە
بەرامبەر پەنجەرەکەی من
هەموو رۆژێک چیرۆکێکی تازەی لێ دەڕوێت..
ترافیک لایتێکی پێ هەڵواسراوە
لەبیرم نییە یەک رۆژیش کاری کردبێت..
قەدەکەی کونێکی تیایە
لقەکانی وەک کۆشکی باڵندە وایە
پریەتی لە هێلانە..
قەلێک کۆتە رەشەکەی لەبەردەکات و
بەرەو نادیار دەفڕێت..
هەندێک جاریش هەور لەسەر لقێکی دەحەسێتەوە و
تیشکی هەتاویش لەناو گەڵاکانی دەبێتە هەزار پارچە..
لە ژێر دارەکە کەپرێک هەیە
پیاوێکی سەوزەی باڵا بەرز
جگەرە و پەشمەک دەفرۆشێت..
زۆرجار پۆلیسی هاتوچۆی شەقامەکە
لەژێر سێبەری دارەکە پشوویەک دەدات و
جگەرەیەکیش دەکێشێت..
منداڵێک بە باسکیلەکەی نزیک دەبێتەوە
دار لاستیکێکی بە دەستەوەیە
کەمێک لە مەلەکانی سەر دارەکە رادەمێنێت..
کچێکی وردیلە بەرەو قوتابخانە دەروات
نازانم قوتابخانەکەی ناوی چییە
بەلام دەزانم خۆی ناوی (گوڵێ)یە !…
ژن و پیاوێک بەرامبەر یەکتر دێن
زەردەخەنەی پیاوەکە و شەرمی ژنەکە
تێکەڵی ناو سێبەری دارەکە دەبن
سلاوێک لە یەکتر دەکەن..
ئۆتۆمبێلەکان بە خیرایی دەڕۆن
هۆڕن لێدەدەن ستۆپ دەکەن
شڕە پاسێک تێپەر دەبێت و
خەڵکێکی نا ئاشنای تیادا دەبینم
بەڵام کەسیان دارەکە نابینن..
شەقامەکەمان دووجار ناوی گۆڕیوە
بەڵام دارەکە هەتا ئێستاش
هەر ناوی دارە..
ئەو خەڵکانەی لە ژێریشی تێپەڕ دەبن
لە پیتی ناو شیعرەکەم دەچن
ئەو شیعرەی لە بەیانییەوە
بە دیار ئەم دارەوە لێم زویر بووە
وشەکانی لەنێوان پەنجەکانم وەکوو کریستاڵ
ورد و خاش دەبن..
وێنەی شەقامە رووتەکە لەپێش چاوم را دەکات
دارەکە هەر لە جێگای خۆی وەستاوە
رەشەبا بە چارۆگەکەیەوە هەڵدەکات و
هەموو مەلەکان هەلدەفرێنێ
دارەکە بە تەنیا دەمێنێتەوە..
لە پەنجەرەوە لێوی بە سووراوی خۆم لێ دیارە
لەسەر مێزەکەی بەر دەمم
ژمارەکانی کاتژمێرەکە وەستاوە..
ماوەیەکی زۆرە بەبێ نووسینی شیعرێک
بە دەستی خاڵییەوە دانیشتووم
ئەگەر پەنجەم قەڵەمی دار بوایە
رەنگە ئێستا شیعرێکم نووسیبوو.

