فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەوڵەمەند ترین وشەی سەردەم دەرچوو [ قە__یر __ان ]

سۆران باساکی
نووسەر، کرواتیا
…………….
وشەی دوابڕاوی قەیران بووە وشەی سەردەم، خۆشبەختانە پلەی یەکەمی بەدەستھێنا لە ڕووی بەکارھێنانەوە، بەتایبەت لە ھەرێمۆکۆکەی خۆمان.
سەردێڕی ھەموو ھەواڵێکە و میوانی ھەمو ماڵێکە و وێردی سەرزمانی گشت تاکێکە لە کۆمەڵگە قەلەندەرەدا.
بابزانی قەیران مانای چیە؟
چۆن پێیناسە دەکرێت؟
ئەم وشەیە (قەیران) دوای ڕاپەڕین بەخێرایی دەنگ(سرعة الصوت) ھاتە نێو فەرھەنگی کوردی و ئەم دەستەواژەیە بە کوردی کراوی وشەی ئەزمەی عەرەبیە.
قەیران بریتییە لە:- نەمان یان کەم بوونەوەی ھەر شتێک کە مرۆڤ ڕۆژانە پێوێستی بە بەکارھێنانێتی، ئەم وشەیەتەنھا و تەنھا بۆ شتی بەرجەستە کراو بەکاردێت کە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا پێویستییەتی.
ئەم وشە نەگریسە باشترین دەستکەوتی ڕاپەڕینە و بەڕێزترین وشەیە لای دەسەڵاتداران و وەیشومەترین وشەیشە لای ھاوڵاتی.
کێشەکە لەوەدایە قەیران بەرۆکی ھەموو شتێکی گرتووە، ئەوەتا بەرۆکی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیرانیشی گرتووە.
دەترسم ئەم وشە خوێڕییە تازە ھەڵتۆقیوە سەریان بخوات، ئەوسا دەبێت دەرگای وەزارەتی ڕۆشنبیریش خڕ داخەین و مەعالی وەزیریش خوا نەخواستە بێکار بمێنێت و لەبەیانی تاکوو ئێوارەی لێدێت لە بێکاریدا یاری بە تەسبیحەکەی بکات.
وەلێ من خەمی وەزیرم نییە خۆ کوڕی پورم نییە بەڵکوو من  خەمی ئەو بڕکۆکە بەناو ڕۆشنبیرەمە کە سەردەمانێکە ئەم وشە ناسکەیان بۆخۆیان قۆڕخکردووە و خۆیانی پێوە دەلەنگێنن ئێستا دەبێت چ بڵێن. نانا شتی وەھا نابێت خودا گەورەیە ئەی ناڵێن خودا کڵاوی بۆ بەڕو کردووە. خەم مەخۆن ھاوڕێیان ھەتاکوو ئەدەب (وێژە) ھەبێت ئێوەیش ڕۆشنبیرن
                                                                                                            28/7/2025