عەلی حەمە ڕەشيد
نووسەر، سلێمانی
……………………
زۆر بە جوانی خۆی رازاندەوە و خۆی ئامادەکرد بۆ گەشتێکی دوور، لەبەر خۆیەوە دەیوت خۆزگە بمتوانیایە (راسا)یش لەگەڵ خۆم ببەم، بەڵام ئەو بەبێ پرسی دایک و باوکی بۆ هیچ شوێنێک ناچێت. لەم قسانەدا بوو لەگەڵ خۆی ، کامێراکەی (راسا) کە لە گۆشەیەکی پەرتوکخانە بچوکەکەدا بوو وەڵامی دایەوە و وتی جا چییە من ببە لەگەڵ خۆت هەر زۆریش حەز بەو گەشتە دەکەم، تا دەگەڕێینەوە هەر وێنە دەگرم و کە هاتینەوە نیشانی (راسا) ی دەدەین. کۆلارە و کامێراکەی (راسا ) رێککەوتن کە پێکەوە گەشت بکەن. وردە وردە بەرەو ئاسان بەرز بوونەوە،(راسا) سەرنجی دا وایدەزانی وەکوو جاران لەبەرزییەکی دیاریکراودا دەمێنێتەوە، بەڵام هێندەی زانی لە چاو ون بوو، خۆی گەیاندە سەروو هەورەکانیشەوە.(راسا) بەم کارەی کۆلارەکەی زۆر نیگەران بوو، بۆیە خۆی گەیاندە لای پەرتوکخانەکەی، بینی پارچە کاغەزێکی بچوک دانرابوو، هەڵیگرت و تەماشای کرد لێی نووسرا بوو(بۆ راسای هاوڕێم) ئەمیش کردییەوە و کەوتە خوێندنەوەی🙁راسا) گیان حەزم دەکرد کە تۆ ببەم لەگەڵ خۆم بۆ ئەم گەشتە، بەڵام زانیم کە تۆ بە بێ رەزامەندی دایە و بابە ناتوانیت بێیت لەگەڵمدا، بۆیە ناچار بووم لەگەڵ کامێرەکەتدا بڕۆم و دڵنیابە کە هاتینەوە وێنەی جوان جوان دەگرین و نیشانی تۆی دەدەین و بە وردی باسی گەشتەکەشمانت بۆ دەکەین…….کۆلارەکەت….) ئیتر لە خەیاڵی ئەوەدا بوو کە ئاخۆ کەی دەگەڕێنەوە، هێندی زانی یەکێک لە گۆڤارەکان بە هێمنی بانگی کرد و پێی وت هاوڕێ گیان خۆ هەر ئەو هاوڕێت نییە ئێمەيش هاوڕێتین، وەرە من بخوێنەرەوە بادڵخۆشت بکەم..پێنووسە رەنگاوڕەنگەکانیش پێکەوە وتیان هاوڕێی ئازیز ئێمەيش ببە بۆلای خۆت بۆ کێشانی وێنەی کۆلارەکە بە رەنگاوڕەنگی و بەجوانی، دەفتەری وێنەکەيش بە پێکەنینەوە وتی منتان بیر نەچێت، پیانۆبچکۆلەکەيش بەئاوازێکی خۆش وتی منیش هاوکارتان دەبم کە ئەوان هاتنەوە بە ئاوازەوە بەخێرهاتنیان لێدەکەین. لەکاتێکدا ئەوان وێنەکانی گەشتەکەیان نیشانی(راسا) دەدەن ئەویش ئەو وێنانەی کە دروستی کردووە نیشان ئەوانی بدات و ئەو زانیارییانەی لەکاتی خوێندنەوەدا بەدەستی هێناون بۆیان باس بکات و منیش بە مۆزیک بەشدار دەبم.لەسەر ئەم کارە رێککەوتن و (راسا) بە خۆشییەوە چاوەڕوانی کۆلارەکەی دەکرد و بەردەوامیش بوو لە وێنەکێشان و خوێندنەوە و پیانۆ بچکۆلەکەيش بە ئاوازی ناسک و خۆش ئەو ناوەی خۆشتر کردبوو.

