فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خەونە سەرابیەکانم

تەلار تاھیر
شاعیر، کەرکووک

………………..

کاتێ لەنێو قەفەزو حەپسی خەیاڵی خەونە سەرابیەکانم
گەڕامەوە سەر واقعی ژیان
وا هەستم دەکرد وەک منداڵێکی کۆرپەی تازە لەدایکبووم ، زمانم بەسترابوو
نەمدەتوانی پەیڤێک بەتەواوی بڵێم
نا پێیەکانم توانای ئەوەیان بوو بەتەواوی هەنگاو بنێنن
هەندێجار وا هەستم دەکرد وەک چۆلەکەیەک وام
بەڵام فێر نەبوومە بەرەو ئاسمان بفڕم

خۆزگە هەر ئەسیر بوومایە
بێ مەیلی خەونە سەرابیەکانم لە نێو چاوەڕوانییە
باخچەی تەمەنمی هەراسان بکردایە
بەس نییە دەمزانی کەسێکی دیلکراوم
گیرۆدەی دەستی خۆزگەیەکم
بەڵام ئێستا هێندە سەرم لێ شێواوە
لەنێو پەردە ئەفسوناوییەکانی گوماندا
خۆمم لێ ونبووە ، وەک پەروانە
هێندە خولامەوە ،
هەرچەندم کرد خۆمم بۆ نەدۆزراییەوە
واهەستیش دەکەم هێندە پەرتەوازەم خۆمم بۆ کۆناکرێتەوە
بەنێو تاریکستانێکی ئەبەدییە تێدەپەڕم ڕووناکی بەچاوانم نابینمەوە

خۆ دەیشزانم تک تک
دڵۆپە ئاوی تەمەنم لە نێو پەرداخێکی
جەستەی شووشەی لاشکاومدا بەزایە دەچێت
بڵێم چی؟!
گەر گوڵێک بم لایەکم هەڵوەریو بێ
گەر شووشەیەک بم لایەکم شکابێ و
گەر کۆشک و تەلارێکیش بم لایەکم ڕووخا بێ
تۆ بڵێی؟!
هێندە کەسێکی نامۆ بم خۆم بەخۆم نەزانمەوە
وەک مانگەشەو هەمیشە لەحزووی خۆرەتاوە بەرەو ناخی زەوی بچمە خوارەوە
نازانم بۆ؟ کاتێ بەڕێگایشە
دێم و دەچم
وا هەست دەکەم هەر هەڵدەوەڕێم
ئیدی نازانم گەڵا هەڵوەریوەکانی سەر شەقامی وەرزی خەزانم
یاخۆ تاوێرە بەردەکانی ژێر پێی دێرینە هەستەکانم