فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

گۆریان ھەڵەبجەیی
شاعیر، ھەڵەبجە
………………..
کرێکارێک وتی بە دەوڵەتمەدارێک
من و تۆ هەردوو کاری خۆمان ئەکەین
من بەردەکان ئەشکێنم
تۆ مرۆڤەکان
ـــــــــــ   ـــــــــــــ  ـــــــــــ
ڕێبوارێک ئەسپەکەی توند بەستەوە
شۆڕشگێڕێک هەر بۆ خۆشی گولەکانی تەقاند
ڕێبوار گەشتە مەنزڵ و
شۆڕش بێ فیشەک مایەوە
ـــــــــ  ــــــــــــ  ـــــــــــ
  ژیان پێچی مێزەرێک نیە
ئەگەر وابێت
ئێستا ئەبێت بزانین
ئێمە لە پێچی چەندەهەمداین
ـــــــــــ  ــــــــــــــ ــــــــــــ
ژنێک ….
شیری ئەدایە مناڵەکەی
بەرپرسێک ….
 مناڵەکەی دابوە دەست ژنە بیانیەک
هەردوکیان گەورەبون
ئەمیان بوە مامۆستا
ئەویان لەبەردەرگا ڕائەوەستا
ـــــــــــ  ــــــــــــ  ــــــــــ
سیاسیەک وتی  میهرەبانی خولقەتی شاعیرە
ئەو ڕاستیکرد
شاعیر شیعرێکی جوانی بۆ نیشتیمان نوسی
ئەویش لە سەر مێزێک هەمومانی دۆڕاند
ــــــــــــ ـــــــــــــ ـــــــــــ
 کاتێک هەواڵی مەرگیاندا بە هەژارەکە
ئەو هەر نەمامەکەی ناشت
هەر لەو کاتەشدا بەرپرسێک دارەکانی ئەبڕیەوە
بۆ ئەوەی بیکاتە ئاپارتمان
ـــــــــــ ــــــــــــــ ــــــــــــ
شێتێک گاڵتەی بەو تەنکەرە نەوتانە ئەکرد
هەموو ڕۆێ دەچونە سەر سنور
ئەو وتی بە حکومەت
 تەنکەرەکان لەحیم بکەن
ئەم هاتوو چونە بەسە
ـــــــــــ ـــــــــــــــ ــــــــــــ
جاران شەرەف گەردانە بوو لەملدا
ئێستا پاوانە لە پێدا
 چ ڕۆژگارێکە خوایە ؟
ـــــــــــ   ــــــــــــــ  ــــــــ

Inline-Bild