نزار قەبانی (لەسەر زمانی ژنێک)
وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق
نووسەر
……………..
گەورە بووم دایە.. ئێستا لە تۆ ئەچم..
واملێهاتوە زوو بەخەبەر دێم..
وپێش ئەوان ئەخەوم..
وایلێهاتوە قەرەبالخی ئەمخنکێنێ..
وقسەکردن ماندووم ئەکات..
گەورە بووم و واملێهاتوە زیاتر چێژ لە چا ئەبینم..
واملێهاتوە حەزم بە سەوزە، وبۆنی عەنبەرە..
گەوره بووم دایە، و واملێهاتوە بە تەنها هەموو شتێک ئەخوێنمەوە..
بە بێدەنگی ئەگریم.. وبەتەنها تاسە ئەکەم..
گەورە بووم دایە، وهەموان ئیتر ئەڕۆن..
هاوڕێکانم زۆر کەم بوونەتەوە..
واملێهاتوە زیاتر حەزم بە هێمنییە، بیری لێکەرەوە..
ودەنگە دەنگ زۆر هیلاکم ئەکات..
گەورە بووم دایە، دانیشتنی شەو چیدی بۆم گەرنگ نیە..
دەریا وەکوو تۆ ئارامیم پێدەبەخشێت..
ئەو کەسە نەماوم کە دەخەوت وخەونی بە کراسێکەوە دەبینی..
جیهان دایە ئاڵۆز بوە..
وسادەیی سەختترە..
هەموان وەکوو بووکەڵەیان لێهاتوە.. ومنیش چیدی نازانم یاری بکەم..
ژیان ئیتر لەوە ناچێت کە تۆ گوتت.. بەدەگمەن رەنگی هەیە..
شەقامەکان زۆربەی کات قەرەباڵخن..
وهەموان دایە خەمبارن..
واملێهاتوە دایە زیاتر بیری خۆم ئەکەم..
بیری سادەیی رۆژگارەکانی ماڵی باپیرم ئەکەم.. بیری کات و”تۆ” لەوێ دەکەم..
من بیری ئەو “کچە بچووکە” دەکەم..
بیری سەرزەنشتە خۆڕسکە راستگۆ ونەرمەکەت دەکەم کە دەیگریاندم..
ژیان وایلێهاتوە دایە دەمکاتە گری..
رۆژگار نادادپەروەرانە سەرزەنشتم دەکات..
هەموان وایانلێهاتوە گلەیی دەکەن، لە نزیک.. لە دوور، وبەگشتی..
خۆشەویستیی بێ بەرژەوەندی ون بوە..
وئاشتبوونەوە بوەتە مەراییەکی قورس..
گەورە بووم دایە وئەمڕۆ قژی “سپی”م دۆزییەوە..
هێرشی بۆ قژە رەشەکەم هێناوە کە حەزت پێی بوو..
کە لە دوێنێیەکی دووردا گۆرانیت بۆ دەگوت ویاریت پێدەکرد..
زۆر گەورە بووم.. وئەم جیهانە چیدی هێندە سەرنجڕاکێش نیە وەک ئەوەی بیرم ئەکردەوە..
گەورە بووم دایە بۆ ئەوەی بزانم من هەرچەند گەورە بوم، کچە بچووکەکەتم وباوەشت هێشتا هەر جیهانی منە..


